کلۆپ دوو ریکۆردی مێژوویی تۆمار کرد

یەکەم راهێنەری ئەڵمانیە دەبێتە پاڵەوان

یۆرگێن کلۆپ، بەرێوەبەری هونەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەڵێنەکەی چوار ساڵ لەمەوبەری بردە سەر توانی یانەکەی بۆ جاری یەکەم بکاتە پاڵەوانی پرێمەرلیگ و دوو ریکۆردی مێژووییشی لەگەڵ ئەو یانەیە تۆمار کرد.

پێشتر لە مێژووی یانەی لیڤەرپوول هیچ راهێنەرێک نەیتوانی بوو لە چوار ساڵی یەکەمی چوار نازناوی دیار بەدەست بێنێت، راهێنەرەکەی رێدز توانی لە هەر یەک نازناوەکانی پرێمەرلیگ، چامپیۆنزلیگ، سوپەری ئەوروپا و مۆندیالی یانەکان بەدەست بێنیت، هەروەها بووە یەکەم راهێنەری ئەڵمانیش نازناوی پرێمەرلیگ بەدەست بێنێت، چونکە لە مێژووی پرێمەرلیگ روینەداوە راهێنەرێکی بە رەگەز ئەڵمانی نازناوەکە بۆ یانەکەی بەدەست بێنێت.

یۆرگێن کلۆپ لە ئۆکتۆبەری 2015 بووە راهێنەری لیڤەرپوول، لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانتیەکان 256 یاریی راهێنەرایەتی رێدزی کردووە و توانیویەتی 157 بردنەوە، 58 بەرامبەربوون و هەروەها 43 دۆڕان تۆمار بکات و دەستکەوتەکانیشی چوار نازناو بوینە.