هاندەرانی لیڤەرپوول سوپاسی لامپارد دەکەن
بە بۆنەی شکت پێ هێنانی مانچێستەر سیتی
دوای بردنەوەی چێڵسی بەرامبەر مانچێستەر سیتی و مسۆگەر کردنی نازناوی ئەم وەرزە بۆ یانەی لیڤەرپوول، بەشێک لە هاندەرانی رێدز پەیامێکیان ئاراستەی راهێنەری بلوز کردووە و سوپاسی دەکەن.
شەوی رابردوو لە سەرتاسەری جیهان هاندەرانی لیڤەرپوول چاویان لە ئەنجامی یارییەکەی نێوان چێڵسی و مانچێستەر سیتی بوو، بەو هیوایەی بلوز بتوانێت ستیزن رابگرێت و ئەوانیش خەونە 30 ساڵیەکەیان ببێتە راستی و دواجاریش ئەم رووداوە مێژووییە بووە راستی و چێڵسی شکستی بە مان سیتی هێنا و دوای یارییەکەش بەشێک لە هاندەرانی رێدز کە وێنەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبووەتەوە لەسەر پارچە کارتۆن پەیامیان ئاراستەی راهێنەری یانە لەندەنیەکە کردووە و نوسیویانە '' سوپەر فرانکی '' '' سوپاس چێڵسی ''.
لیڤەرپوول ئەم وەرزە توانی ئاست و ئەنجامێکی باش لە پرێمەرلیگ تۆمار بکەن و پێش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوان تاوەکو رادەیەک چارەنوسی ئەم وەرزەیان لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی کردەوە، هەرچەندە خەریک بوو ئەو پەتایە خەونەکەیان لەناو ببات، بەڵام داجارا کۆرۆناش بەرگەی رێدزی نەگرت و ئەو یانەیە بووە پاڵەوان.