ترەمپ سزای کۆڵۆمبیا دەدات

سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، ژمارەیەک سزای دارایی و بانکی بە پەلەی بەسەر کۆڵۆمبیادا سەپاند و گوتی: کۆڵۆمبیا ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکای خستووەتە مەترسییەوە.

یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی تروس بڵاوی کردەوە، کەمێک پێش ئێستا ئاگادار کراوەتەوە کە دوو کاروانی کۆچبەران کە ژمارەیەک زۆر لە کەسانی تاوانباریان تێدایە، دەبووایە ڕادەستی کۆڵۆمبیا بکرێنەوە، بەڵام کۆڵۆمبیا ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەکە کردووە.

باسی لەوە کرد، فەرمانەکە لەلایەن گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی سۆسیالیستی کۆڵۆمبیاوە دەرچووە، هەر چەندە ئەو سەرۆکە لەلای خەڵکەکەی زۆر خۆشەویست نییە.

سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، دەڵێت: ڕێگریکردن لە نیشتنەوەی ئەو دوو فڕۆکەیە لەلایەن پپێترۆوە، ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتی گشتی ئەمەریکای خستووەتە مەترسییەوە، بۆیە ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوەی دەستبەجێ و یەکلاکەرەوە دەگرینەبەر.

هاوکای گوتی: باجی گومرگی بە ڕێژەی 25% لەسەر هەموو ئەو کاڵا کۆڵۆمبییانە دەسەپێنین کە دێنە نێو ئەمەریکا، هەروەها بە ڕێژەی 25% بۆ 50% باج و قەدەغەکردنی گەشت بەسەر بەرپرسان و حکوومەتی کۆڵۆمبیا دەسەپێنین.

ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە، سەپاندنی سزای بانکی و دارایی بەپێی یاسای تەواوی ئابووری مرۆیی نێودەوڵەتییە.

گوتیشی: ئەم ڕێوشوێنانە تەنها سەرەتایەکە، ڕێگە نادەین حکومەتی کۆڵۆمبیا پابەندییە یاساییەکانی خۆی سەبارەت بە قبوڵکردن و گەڕانەوەی ئەو تاوانبارانە پێشێل بکات کە بە زۆر خستوویەتییە ناو ئەمریکاوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment