هەولێر لەسەر ئاستی سەرجەم تیپەكان بەرەو لوتكە هەڵدەكشێت

هەولێر لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان و بەچكەشێران هاواریان لێ هەستاوە

هەولێر ئەم وەرزە تا دێت لەسەر ئاستی سەرجەم تیپەكانی بەشداربوو لە خولی عێراق بەرەو لوتكە هەڵدەكشێت، بەڵام كێشەی دارایی وایكردووە ئیدارەی یانەی هەولێر نەتوانێت مووچەی یاریزانانی بەچكەشێران، تازەپێگەیشتووان و لاوانی تیپەكەی بدات، راهێنەری تیپی خوار 19 ساڵانی یانەی هەولێریش رایدەگەیەنێت ئەوان بە تەواوەتی پشتگوێخراون و یاریزانەكانی بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە.

هەولێر لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە هەستانەوەیە
هەولێر لە خولی ئەستێرەكانی عێراق سێیەمین سەركەوتنی لەسەریەكی تۆمار كرد و لە دوایین دوو سەردانی بۆ شاری بەغدا دوو سەركەوتنی تۆمار كردووە و بە 6 خاڵەوە دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام تیپەكانی دیكەی هەولێر هاواریان لێ هەستاوە و بەهۆی بێ مووچەیی، یاریزانەكان بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە.

دۆخی تیپی خوار 21 ساڵانی یانەی هەولێر
ئەم تیپە بە راهێنەرایەتی سەردار فارس ئەم وەرزە بە قورسی هاتووەتە نێو ركابەرییەكان و لە كۆمەڵەكەی خۆی لە كۆی 7 یاری، 10 خاڵی كۆكردووەتەوە، بەڵام ئەم تیپە بەهۆی كەمی یاریزانان و دابەشبوونی یاریزانەكان بەسەر یانەكان چارەنووسی روون نییە، جگە لەوەش یاریزانانی یانەكە 60رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە لە دوایین یارییان بەرامبەر دهۆك، راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەكەی پارەی لە ماڵی خۆی هێناوە بۆ ئەوەی یاریزانەكان بەرامبەر دهۆك یاریی بكەن، یارییەكەیان كرد و بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان تەواو بوو، لە دوای ئەو یارییەوە یاریزانەكان نەگەڕانەتەوە مەشق و راهێنانەكان، ئەمەش لە كاتێكدایە كۆی مووچەی یاریزانەكان تەنیا 6 ملیۆن دینارە.

 

تیپی خوار 19 ساڵانی هەولێر لە لوتكەن و بایكۆتیشیان كردووە
تیپی خوار 19 ساڵانی یانەی هەولێر ئەم وەرزە لە خولی عێراق لە كۆی 5 یاری، 5 بردنەوە و 15 گۆڵ و 15 خاڵیان كۆكردووەتەوە و لوتكەیان گرتووە، بەڵام یاریزانەكان لەوەتەی رۆژی هەینییەوە بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە و 65 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، لە كاتێكدا كۆی مووچەی یاریزانەكان تەنیا یەك ملیۆن و نیوە.
لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، عیسا ئەحمەد راهێنەری خوار 19 ساڵانی یانەی هەولێر رایگەیاند یەك مانگە لەگەڵ ئیدارەی یانەی هەولێر لەسەر هێڵە بەڵام هیچ وەڵامێكیان نییە و تیپەكەیان بە تەواوەتی پشتگوێخستووە.
عیسا ئەحمەد دەشڵێت: ئیدارەی یانەی هەولێر ئەم تیپەی ئێمەی ناوێت، یاریزانەكان پارەی ئەوەیان نییە بێنە راهێنانەكان و بایكۆتی مەشقەكانیان كردووە لە كاتێكدا دەبێت رۆژی هەینی لە بەغدا رووبەڕووی یانەی دیالە ببینەوە.

105 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە
تیپی خوار 17 ساڵانی یانەی هەولێر لە خولی عێراق لە كۆی 5 یاری، 13 خاڵیان كۆكردووەتەوە لوتكەی كۆمەڵەكەیان لە خولی عێراق گرتووە، بەڵام 105 رۆژە ئەو تیپە مووچەی وەرنەگرتووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە تییپی 16 ساڵانی یانەی هەولێر بە سەرپەرشتی ستافی راهێنەران (شێرزاد محەمەد و عیماد ئەسعەد) ئەوانیش هاواریان لێ هەستاوە و زیاتر لە 60 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.