ستیڤ ویتکۆف: ئاوەدانکردنەوەی غەززە 10 بۆ 15 ساڵی دەوێت

نێردراوی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت: کەرتی غەززە بە تەواویی وێران بووە و ئاوەدانکردنەوەشی ڕەنگە 10 بۆ 15 ساڵ بخایەنێت. گوتیشی: بۆیە چوومەتە غەززە بۆ ئەوەی ببینم پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان چۆن بەڕێوەدەچێت.

پێنجشەممە 30ـی کانوونی دووەمی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی غەززەی کرد و بە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ڕاگەیاند: خەڵکی غەززە بەرەو باکوور دەڕۆن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، کەرتەکە بە تەواویی وێران بووە.

نێردراوی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت: تەنیا لابردنی داروپەردووی باڵەخانەکانی غەززە پێنج ساڵ دەخایەنێت، هەروەها ڕەنگە ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکەش 10 بۆ 15 ساڵ بخایەنێت.

باسی لەوەش کرد، هاوکارییەکان وەک پلانی بۆ دانراوە دەگەیەنرێنە غەززە، خەڵک بە پێی ڕێککەوتنەکە دەگەڕێنەوە باکوور، هەروەها ڕێکخستنە ئەمنییەکان لە ڕێڕەوی نەتساریم و فیلادلفییا باشتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا کاردەکەن.

ویتکۆف، گوتی: بۆیە چوومەتە غەززە، تا بزانم ڕێککەوتنی ئاگربەستەکە تایبەت بە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان چۆن جێبەجێ دەکرێت، چونکە ئەمە زۆر گرنگە.

نێردراوی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرای کرد، لەگەڵ ترەمپ باسی بیرۆکەی ڕاگواستنی فەڵەستینییەکانی لە کەرتی غەززە نەکردووە.