محەممەد حەسسان: دەبێت خەڵکی عێراق بێ جیاوازی لە سەروەت و سامانی وڵاتەکەیان سوودمەند بن

محەممەد حەسسان، نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
محەممەد حەسسان، نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق

نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە پەیامێکدا هانی عێراقییەکان دەدات بۆ ئەوەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا بکەن و دەڵێت: لە هەڵبژاردنی داهاتوو دوور لە ناوە تایفییەکەی سەرکردەی نوێ بۆ وڵات هەڵبژێردن، بۆ ئەوەی هەمووان لە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە سوودمەند بن.

ئەمڕۆ هەینی 31ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد حەسسان، نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، دوای نوێژی بە کۆمەڵی هەینی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوەندی سەرەکی کۆمەڵەی فیقهی عێراق لە نێو مزگەوتی ئیمام ئەبی حەنیفە لە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغدا گوتی: عێراق بەرەو مافێکی دەستووری گرنگ دەچێت، ئەویش هەڵبژاردنە، ئێمەش متمانەیەکی تەواومان بە توانای خەڵکی عێراق هەیە، کە بەو پەڕی بەرپرسیارێتی و ئاشتییانە ئەم مافەی بەکار دەهێنێت.

گوتیشی: پێویستە خەڵکی عێراق لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەو سەرکردانەی هەڵبژێرن کە دوور لە تایفەگەری، پەرۆشن بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان و پەرە بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و کەرتە ئابوورییەکان دەدەن.

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕاشیگەیاند، سەرجەم ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە دەبێت لە سەروەت و سامانی وڵاتەکە سوودمەند بن، هەر بۆیە پرۆژەی تایفی لە ڕابردوو ماوەتەوە و دەبێت لە داهاتوودا کۆتایی پێ بهێنرێت.