تۆڕی سووریی مافەکانی مرۆڤ: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی کاتی، هاووڵاتییان ئەشکەنجە دەدەن

لۆگۆی تۆڕی سووریای مافەکانی مرۆڤ
لۆگۆی تۆڕی سووریای مافەکانی مرۆڤ

تۆڕی سووریی مافەکانی مرۆڤ داوا لە حکوومەتی کاتیی سووریا دەکات هاووڵاتییانی سڤیل لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بپارێزێت و ڕێگریی لە پێشێلکارییەکان بکات. 

تۆڕەکە، بە پشتبەستن بە چەندان سەرچاوەی باوەڕپێکراو، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە پارێزگای حومس، هێزە ئەمنییەکان پێشێلکارییان کردووە، هاووڵاتییانی سڤیلیان ئەشکەنجە داوە و بێڕێزیشیان بەرانبەر بە سیمبۆل و شوێنە ئایینەکان کردووە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، هێزە ئەمنییەکان لە حومس، خانووی هاووڵاتییانیان تێک داوە، بێڕێزییان بەرانبەر بە خاوەنەکانیان کردووە و هەڕەشەیان لە هاووڵاتییانی سڤیل لە پێکهاتەی عەلەوی کردووە. 

تۆڕی سووریی مافەکانی مرۆڤ داوا لە حکوومەتی کاتیی وڵاتەکە دەکات ڕێگریی لەو پێشێلکارییانە بەرانبەر بە هاووڵاتییانی سڤیل بکات و سەرپێچیکاران سزا بدات.