کردنەوەی دەروازەی سنووریی قائیم بۆ کاتێکی نادیار دواخرا
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی حکوومەتی فیدرال، بڕیار بوو دوێنێ شەممە، 1ـی شوباتی 2025، دەروازەی سنووریی قائیم، لە نێوان عێراق و سووریا بکرێتەوە، بەڵام سەرباری هەموو ئامادەکارییەکان، کردنەوەی دەروازەکە بۆ کاتێکی نادیار دوا خرا.
سەرچاوەکەی حکوومەتی فیدرال، بە میدیاکانی ناوخۆی ڕاگەیاند "ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی کاتیی سووریا کرابوو لە سەرەتای مانگی شوبات، دەروازەی سنووریی قائیم بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامادەکارییەکان لە ڕووی ئەمنی، کارگێڕی و لوجیستی تەواو کراون."
ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسی ئیدارەی دەروازەکە هەموو کارمەندەکانی ئاگادار کردووەتەوە لە دەست پێ کردنەوەی کارەکان، سەبارەت بە مەرجەکانی هاتوچۆی گەشتیاران، ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا کراوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: بەغدا بڕیاری داوە، کردنەوەی دەروازە سنوورییەکە بۆ کاتێکی نادیار دوا بخات، نازانرێت هۆی بڕیارەکە چییە، سووریاش لە بڕیارەکە ئاگادار کراوەتەوە.
ترکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم، پیشتر ڕایگەیاندبوو "دەروازەی سنووریی قائیم لە نێوان عێراق و سووریا، لە مانگی شوباتدا دەکرێتەوە و چالاکییەکانی دەست پێ دەکاتەوە."
دوای 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، کاتێک هێزە ئەمنییەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت، زۆرێک لە سەربازانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد، لە ڕێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە، دواتر عێراق دەروازەکەی داخست و تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە.
