سەلاحەددین.. گەنجێک پرۆژەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی قارچک دامەزراندووە

لە پارێزگای سەڵاحەددین گەنجێک دوای بێ ئومێدبوونی لە حکوومەت، بەهەوڵی خۆی پرۆژەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی قارچک دامەزراندووە، وردە وردە پرۆژەکەی پەرە پێ داوە و دەڵێت؛ داهاتی باشە و توانیویەتی هاوکاریی گەنجانی دیکەش بکات.
باسم مەگدەمی، خاوەنی پرۆژە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی زانکۆمان تەواو کرد، من حەزم کرد، پرۆژەیەکی ئەزموونیم هەبێت، بۆیە هەوڵی بەرهەمهێنانی قارچکم دا.
دەشڵێت: سوپاس بۆ خوا پرۆژەکەم گەورەبووە و سەرکەوتوو بووە، هەرچەندە تا ئێستاش هەر هەوڵی تاکە کەسە، حکوومەت هیچ هاوکاریی نەکردووم و قارچکیش 35 ڕۆژی دەوێت تاکو پێ دەگات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان حکوومەتی عێراق، هۆی سەرەکیی بێکاریی لە سەڵاحەددین، وەستانی پرۆژەکان و وەبەرهێنانە، ئەمەش لەبەر دابیننەکردنی پارەیە لەلایەن حکوومەتەوە.
محەممەد عوبێدی، سەرۆکی ڕێکخراوی ئەکەد بۆ مافی مرۆڤ، دەڵێت: ئێمە بەهرەی باشمان هەیە، پێویستە حکوومەت پشتیوانیی خاوەن پرۆژەکانی ماسی و قارچک و کەرتە کشتوکاڵییەکانی دیکە بکات، بەڵام حکوومەت نایەوێت پشتیوانیی ئەم پرۆژانە بکات، لەلایەکی دیکەشەوە بەشێکی زۆر لە زەوییەکانمان لەناوچوون و ئێستە کردنەوەی خولی کشتوکاڵی بۆ گەنجان گرنگە.
لە شەقامەکانی سەڵاحەددین دەیان چیرۆک هەن، چیرۆکی ئەو گەنجانەی لەناو شەقامە پشتگوێخراوەکاندا بەهیواوە دەژین و خەونیان داهاتوویەکی باشترە، دۆخیان لە نێوان بێدەنگیی حکوومەت و ئیرادەی خۆیان چەقی بەستوە، تاکە ڕێگەش بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە دانانی پلان و چارەیەکی ڕیشەییە.
سەجاد هانی/ پەیامنێری کوردستان24