عێراقییەکان ڕۆژانە سێ ملیار دینار بۆ کڕینی بەرهەمەکانی تووتن خەرج دەکەن

یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، پرۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاشکرایکرد،  عێراقییەکان ڕۆژانە سێ ملیار دینار بۆ کڕینی بەرهەمەکانی تووتن خەرج دەکەن.

عێراق لە 2ـی شوباتی هەموو ساڵێک، یادی ڕۆژی نیشتمانی قەدەغەکردنی جگەرەکێشان دەکاتەوە، کە یادی ڕۆژی دەنگدانیش بووە لەسەر یاسای ژمارە 19ـی ساڵی 2012، بۆ نەهێشتنی جگەرەکێشان.

دکتۆر وەسیم گەیلان، جێگری بەڕێوەبەری پرۆگرامی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی:  ئەمساڵ، لە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکیشان، باس لە زیانە تەندروستی، ژینگەیی و ئابوورییەکانی جگەرە دەکەین.

ئاماژەی بەوەش کرد، دروشمی یادکردنەوەکەی ئەمساڵ بریتی دەبێت لە (جگەرەکێشان جوانی و ژنێتی ئافرەتان دەوڕوشێنێت) هەروەها ساڵانە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە دەمرن. لە کۆی 200 ملیۆن ئافرەتی جگەرەکێش لە سەرانسەری جیهاندا، یەک ملیۆن و 500 هەزار ئافرەتی جگەرەکێش، کە زۆرینەیان خەڵکی وڵاتە هەژارەکانن، دەمرن.  

گەیلان، ئاشکراشی کرد، ئەو ئافرەتانەی جگەرە دەکێشن بەراورد بەو ئافرەتانەی جگەرە ناکێشن، زیاتر تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی منداڵدان، نەزۆکی، دواکەوتنی دووگیانی، کەمکێشیی منداڵ و مردنی لەناکاوی منداڵە ساواکانیان دەبن. گوتیشی،  ڕۆژانە سێ ملیار دینار لە عێراق بۆ  کڕینی جگەرە، نێرگلە، ڤەیپ و بەرهەمەکانی دیکەی توتن خەرج دەکرێت.