وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو: لەگەڵ تورکیا ڕێک کەوتووین 500 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بەربداتەوە

یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، لەگەڵ تورکیا ڕێک کەوتووین لەسەر بەردانەوەی 500 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکەدا، ئاماژەی بەوەش دا، ئاستی ئاوی ڕووباری فوڕات بەشیوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
خالید شیمال، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گوت "پەیوەندییەکانی نیوان عێراق و سووریا، لە بواری بەڕێوەبردنی ئاو چەندین ساڵە بەردەوامە." ئاماژەشی دا "لە نێوان هەردوو وڵات پرۆتۆکۆڵێک ئیمزا کراوە، کە ئاوی ڕووباری فورات لە نێوان عێراق و سووریادا دابەش دەکات."
گوتیشی "ڕێکەوتنێکی دیکە هەیە لە نێوان (عێراق، تورکیا و سووریا) کە بەردانەوەی ئاو لە سنووری تورکیا و سووریا بە ڕێژەی 500 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا دووپات دەکاتەوە." دەشڵێت: هەندێک کێشە لە بەنداوی تشرین هەبوو کە ستافێکی تەکنیکیی پسپۆڕ بەنداوی تەبقە چوونە بەنداوی تشرین و ڕێوشوێنی گونجاویان گرتۆتەبەر بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی بەنداوەکە."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو ڕاشیگەیاند "ئێستا داهاتی ئاو لە ڕووباری فورات بە ڕێژەیەکی بەرچاو زۆر بووە، کە زیاتر لە 400 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بەردەدرێتەوە، چونکە وەزارەتی ئاو لە بەنداوی حەدیسە و عەمود بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست عەمبار دەکات."
پێشتر عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاندبوو، دۆخی ئاوی ڕووباری دیجلە باشە، بڕی ئەو ئاوەی لە تورکیاوە بۆ عێراق بەردەدرێتەوە دەگاتە 350 بۆ 400 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، هەورەها داهاتی عێراق لە فوڕاتەوە لە 240 مەتر سێجا بۆ 450 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا زیاد بووە، واتە ڕێژەی زیادبوونەکە گەیشتووەتە نزیکەی 88%.