نهێنی ئەنجامە باشەکانی لیڤەرپوول هاوسەری یۆرگێن کلۆپە

هاوسەرەکەی کلۆپ نەیهێشتووە ببێتە راهێنەری مانچێستەر یونایتد

نهێنی گەورەی ئەنجامە باشەکانی یانەی لیڤەرپوول لەو کاتەی یۆرگێن کلۆپ راهێنەری ئەڵمانی بووەتە راهێنەری ئەو یانەیە، کەسێکە کە تاوەکو ئێستا کەمتر کەسێک ئەو نهێنیە دەزانێت، ئەویش ئۆلا ساندرۆکی هاوسەریەتی.

کلۆپ دەگێرێتەوە پێش ئەوەی ببێتە راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، نزیک بوو لەوەی ببێتە راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد، ئەو یانەیەی کە هاندەرانیان رق و کینەیەکی مێژووییان هەیە لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول، بەڵام هاوسەرەکەی نەیهێشتووە ببێتە راهێنەری ئەو یانەیە.

دوای ئەوەی سێرئالێکس فێرگسن وازی لە راهێنەرایەتی هێنا، کارگێری شەیتانە سوورەکان یەکەم ئامانجیان یۆرگێن کلۆپ راهێنەری ئەو کاتی یانەی بورووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانیا بوو و نوێنەرەکانی یانە ئینگلیزیەکە چەندینجاریش قسەیان لەگەڵدا کردبوو و نزیک بوون لە رێکەوتن، بەڵام دواجار هاوسەری راهێنەری ئەڵمانی بووە رێگر لەم پرۆژەیە.

ئۆلا ساندرۆک هاوسەری دووەمی یۆرگێن کلۆپ ئامۆژگاری ئەو راهێنەرەی کردووە کە لەگەڵ مانچێستەر یونایتد سەرکەوتوو نابێت، بۆیە باشتروایە لەگەڵ یانەکەی واتە دۆرتمۆند بەردەوام بێت و ئەویش ئەم پێشنیارەی هاوسەرەکەی پەسەند کردووە و لەگەڵ زەردەواڵەکان بەردەوام بوو.

دوای چەند ساڵێک جارێکی دیکە کلۆپ لە ئینگلیزەوە داواکارییەکی بۆ هات، ئەمجارەیان یانەی لیڤەرپوول بوو، راهێنەرە ئەڵمانیەکە ئەمجارەشیان دوو دڵ بوو، بەڵام کاتێک دووبارە راوێژی لەگەڵ ساندرۆکی خێزانی کرد، ئەمجارەیان خێزانەکەی پێی گووت کە داواکەی رێدز قەبول بکات، چونکە لەگەڵ ئەو یانەیە سەرکەوتوو دەبێت، ئەوەبوو کلۆپ بووە راهێنەری لیڤەرپوول و دوای سی ساڵ بۆ جاری یەکەم ئەو یانەیەی کردە پاڵەوانی پرێمەرلیگ.