پەیامنێری کوردستان24: به‌شه‌بودجه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ مانگی یه‌ك، كراوه‌ته پێوه‌ر بۆ ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا

په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، 950 ملیار دینار له لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌وه بۆ مووچه‌ی مانگی یه‌كی 2025ـی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دانراوه و سبه‌ی له لایه‌ن محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه ڕێككه‌وتنی نێوان وه‌زیرانی دارایی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان ئیمزا ده‌كرێت و به‌م شێوه‌یه ئیمزا له‌سه‌ر خه‌رجكردنی مووچه‌ی مانگی یه‌كی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كات.
دووشه‌ممه، 3ـی شوباتی 2025، دیلان بارزان، په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا گوتی، لێدوانی له ئه‌ندامێكی شاندی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتووه و پێی ڕاگه‌یاندووه، دیاریكردنی به‌شه‌بودجه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگی یه‌ك (كانوونی دووه‌می 2025)، كراوه‌ته پێوه‌ر بۆ ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا سه‌باره‌ت به مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ر 12 مانگی ئه‌م ساڵ.
دیلان بارزان له‌سه‌ر زاری ئه‌ندامی شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان گوتی، بۆ مووچه‌ی مانگه‌كانی دیكه‌ی ئه‌م ساڵ، پێویست ناكات شاندی هه‌رێمی كوردستان بچێته به‌غدا و گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌وه بكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌مه بۆ ئه‌م ساڵ بڕاوه‌ته‌وه.
په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی ئه‌م ساڵدا مووچه‌خۆرێكی هه‌رێمی كوردستان گیان بسپێرێت یاخود دوور بخرێته‌وه یانیش واز بهێنێت، هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا ناوی ئه‌وان له لیستێكدا ڕه‌وانه‌ی به‌غدا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌شه له بودجه‌ی دیاریكراوی ئه‌م ساڵدا كه‌م بكاته‌وه.
دیلان بارزان ڕوونیشی كرده‌وه، ئه‌و فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆرانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه له 1/1/2025ـدا ته‌مه‌نیان چووه‌ته ناو ته‌مه‌نی خانه‌نشینییه‌وه، له لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ناویان له لیستێكدا ڕه‌وانه‌ی به‌غدا كراوه و مووچه و شایسته داراییه‌كانیان له‌مه‌ودوا ده‌چێته سه‌ر به‌غدا.