پزیشکێکی فەرەنسی بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر سەدان منداڵ دادگایی دەکرێت

لە فەرەنسا پزیشکێکی پێشووی نەشتەرگەری، بەتۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر سەدان منداڵ، دادگایی دەکرێت، ئەمەش بە گەورەترین دادگاییکردنی تاوانباری دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان لە فەرەنسا دادەنرێت.
سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت بڵاوی کردەوە "جۆیل لی سکۆرنێک، تەمەن 73 ساڵ، پزیشکێکی نەشتەرگەر بووە کە لە ناوچەی بریتانی فەرەنسا کاری کردووە، تۆمەتبارە بە دەستدرێژیکردنە سەر 299 منداڵ ، لە ماوەی 25 ساڵدا. ئەو نەخۆشەکانی بێهۆش کردووە و دەستدرێژیی کردووەتە سەریان."
لی سکۆرنێک، دانی بە هەندێک تۆمەتەکاندا ناوە، بەڵام هەندێکیانی ڕەت کردووەتەوە، لە مانگی ئایاری 2017دا، بۆ یەکەمجار لی سکۆرنێک ئاشکرا بوو، ئەمەش دوای ئەوەی منداڵە شەش ساڵانەکەی دراوسێیان لە شاری جۆنزاکی باشووری ڕۆژئاوای فەرەنسا، بە دایکی گوت، لی سکۆرنێک، دەستدرێژی کردووەتە سەری.
دوای پشکنینێکی وردی ماڵی لی سکۆرنێک لە لایەن پۆلیسەوە، دەرکەوت دەستدرێژی کردووەتە سەر ژمارەیەکی زۆر منداڵ، هەروەها ئەفسەرەکان بەڵگەنامەیان لە ماڵەکەی دۆزییەوە کە ناوی قوربانییەکانی چەندین ساڵی پێشووی تێیدا تۆمار کراوە، ئەوانەی 'لی' لە چەندین نەخۆشخانەدا دەستدرێژیی کردووەتە سەریان یان ویستوویەتی بیکات.
هەروەها پۆلیس لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا 300 هەزار وێنەی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و سێکسی دۆزیەوە.
ماری، یەکێکە لەو قوربانیانەی کە گوایە لە ساڵی 1996 لە کلینیکی ساکرێکۆر لە شاری ڤان دەستدرێژی کراوەتە سەر. ئەو ئێستا دایکی سێ منداڵە، ئەو کاتەی دەستدرێژی کراوەتە سەر تەمەنی 10 ساڵ بووە.
ماری دەڵێت: لی سکۆرنێک لە کاتێکدا بە تەنیا لە ژوورێکی نەخۆشخانەدا بووە، هاتووە بۆ بینینی، دەشڵێت، هیچ زانیارییەکم لەسەر سێکس نەبوو، بەڵام باش لەبیرمە بە زەبروزەنگ دەستدرێژیی لێم کرد."
بڕیارە ئەو تۆمەتبارە لەم مانگەدا دادگایی بکرێت، ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی لێ سکۆرنێک کراوەتەوە، بریتین لە 100 لاقەکردن و 150 دەستدرێژی سێکسی