پزیشکان ئەو وانانە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا فێربوون

شەش مانگ لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتاکە، چی بەنەزانراوی ماوەتەوە؟

 

K24 - هەولێر

لە ماوەی ئەو شەش مانگەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیھاندا بڵاوبووەتەوە، پزیشک و نەخۆشخانەکانیش زۆر شت فێربوون لەبارەی چۆنییەتی چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆڤید١٩، ئەو نەخۆشیەی بەھۆی ڤایرۆسەکەوە تووشی دەبن.

ئەوەی پزیشکان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا فێری بوون بریتین لە:

- کۆبوونەوە و کڵۆبوونی خوێن مەترسی سەرەکییە لەسەر تووشبووان و، پێدانی ئەو دەرمانانەی رێگری لە کۆبوونەوە و کڵۆبوونی خوێن دەکەن، ھاوکارێکی باشە.
- نەخۆشەکە لەسەر سک پاڵکەوێت، بەشێوەیەک سەر و سنگی نزمتر و قاچەکانی بەرزتربن، ھەناسەدانی ئاسانتر دەبێت.
- جیا لە کۆئەندامی ھەناسە و سییەکان، ڤایرۆسەکە ھێرشدەکاتە سەر: دڵ، جگەر، گورچیلە و مێشک.

- یەکێک لە باشترین چارەسەرەکان تائێستا سوودی لێوەربگیرێت رێمدیسڤیەر، دێکسامێتاسۆن و ئەو دەرمانانەن کە ھەوکردن (ئیلتیھابات)ـی جەستە کەمدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەخشینی پلازما لەلایەن ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و چاکبوونەتەوە، باشترین چارەسەرە.

- زیادکردنی پشکنینەکان و خێراتر راگەیاندنی ئەنجامەکانیان، ھاوکارە بۆ کەمکردنەوەی فشار و پاڵپەستۆی سەر نەخۆشخانەکان.

- ھاوبەشیپێکردن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەلایەن پزیشک و شارەزایانی تەندروستی لە ھەموو جیھان، رۆڵێکی کاریگەری ھەیە.
- خۆپاراستن و رێگریکردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زۆر گرنگە. پزیشکان چاویان لەوەیە خەڵکیش بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن، بە شۆردنی بەردەوامی دەستەکانیان، بەکارھێنانی ماسک و دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵغی.

ھەندێک لەو شتە گرنگانەی تائێستاش نەزانراون:

- نازانرێ بەدیاریکراوی چ دەرمانێک، بۆ چ نەخۆشێک باشە.
- هەندیک دەرمان بە چ خێراییەک بە جیهان بڵاودەکرێنەوە، بەتایبەتی رێمدیسڤیەر؟
- ماوەی چاکبوونەوەی ھەر تووشبوویەک بە دیاریکراوی چەندە؟
- کاریگەرییە دوورمەوداکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە چین؟

ڤالۆری وانگلەر، پزیشکی شارەزا و خاوەن ئەزموون لە خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی ریھۆبوس مەکینلی لە گالووپ، نیویۆرک دەڵێ "ئەگەر باشترین وانە تا ئێستا فێربووبین ئەوە بێت: لەجیاتی ئەوەی نەخۆشەکان لەسەر پشت، لەسەر سک راکشێن، واتا ھێشتا زۆر دوورین لە چارەسەر".

 


سەرچاوە: رۆیتەرز