بارسێلۆنا ئامادەیە %50 داشکان لە نرخی کۆتینیۆ بکات
هەر یانەیەک کۆتینیۆی بوێت دەبێت 70 ملیۆن بدات
فلیپ کۆتینیۆ، یاریزانی بەڕازیلی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستە کاتیەکەی لەگەڵ بایرن میونشن، بریارە دوای یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بگەڕێتەوە ئەو یانەیە، بەڵام کارگێری بارسا ئەو یاریزانەی ناوێتەوە.
رۆژنامەی وەرزشی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووە کارگێری بلاوگرانا ئامادەن لە پێناو دەستبەرداربوون لە یاریزانە بەڕازیلیەکە کە لە ساڵی 2018 بەرامبەر 140 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بەو یانەیەوە کردووە %50 داشکان لە نرخی ئەو یاریزانە بکەن، واتە هەر یانەیەک بیەوێت ئەو یاریزانە بگوازێتەوە ریزەکانی، دەبێت 70 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش یانەکەی بکات.
لە رابردوو دەنگۆیەکی زۆر هەبوو ئەو یاریزانە دەیەوێت بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ، بەڵام زۆری نرخی ئەو یاریزانە بووەتە رێگر بەرامبەر ئەو هەوڵەی و هیچ یانەیەکیش ئامادەنیە پارەیەکی خەیاڵی بۆ ئەو یاریزانە خەرج بکات، بەڵام ئێستا دوای داشکان لە نرخەکەی، چاوەڕێ دەکرێت ئەو یانانەی کە هەوڵی گواستنەوەی دەدەن، بێنەوە سەر هێڵ.