ئەو تۆمەتبارەی کچێکی خنکاند و بە بەنزین سووتاندی دەستگیر کرا

پۆلیسی هەولێر ئەو تۆمەتبارە سوورییەی دەستگیر کرد کە تیکتۆکچییەکی بە ڕەگەز عەرەبی لە هەولێر خنکاند و دواتر بە بەنزین سووتاندی.

چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، نەقیب کارزان ساڵح، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتبارێکی بەڕەگەز عەرەبی خەڵکی سووریای بەناوی (م. ب. ذ) بە تۆمەتی کوشتنی ئافرەتێکی بەڕەگەز عەرەب بەناوی (ٱ. س. م) دەستگیر کرد.

بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتبارە سوورییەکە لەگەڵ ئافرەتە عەرەبەکە لە هۆتێلێکی هەولێر، درەنگانی شەو هەر لە ژووری تایبەتی مانەوەی کچەکە لەسەر کێشەیەک دەبێتە دەمەقاڵییان،  لە ئەنجامدا تۆمەتبار ئافرەتەکە لە ژوورەوە بە وایەرێک دەخنکێنێت،  دواتر پارە و ئاڵتونەکانی دەدزێت.

کارزان ساڵح دەڵێت: تۆمەتبارەکە بەوەندە ناوەستێت، کاتێک کچەکە دەخنکێنێت، تەرمی دەخاتە نێو بەتانیەک و دەیخاتە نێو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەی، دەیگوازێتەوە و دەچێتە بەنزینخانەیەک بایی دوو هەزار دینار بەنزین لە بەنزینخانەیەکی بەحرکە دەکڕێت و لە جلیکانێکی دەکات، وەک لە گرتە ڤیدیکانیش دەرکەوتووە، دواتر تەرمی کچەکە بۆ شوێنێکی دوورە دەستی بەحرکە دەبات و لەوێ دەیسووتێنێت بۆ ئەوەی خۆی لە تاوانەکە بدزێتەوە.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: پاش ئەوەی پۆلیس لە ڕووداوەکە ئاگادار کرایەوە، بە چەند کاتژمێرێکی کەم تۆمەتبار دەستنیشان کرا و دەستگیر کرا، لە لێکۆڵینەوەشدا دانی نا بە تاوانەکەیدا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە، بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادان دراوەتە دادگا.