شارەزایەکی ئابووری: هاوینی ئەمساڵ عێراق تووشی گەورەترین قەیرانی کارەبا دەبێت

پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، شارەزایەکی ئابووری گوتی: هاوینی داهاتوو، عێراق تووشی قەیرانێکی گەورەی کارەبا دەبێت، ئەمەش لەپاشخانی سزا نوێیەکانی ئەمەریکایە بۆ سەر ئێران، کە غاز و کارەبا بۆ عێراق دابین دەکات. 

ناسر ئەلتەمیمی، شارەزای ئابووری بە میدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند "هاوینی داهاتوو عێراق تووشی قەیرانێکی گەورەی کارەبا دەبێت، ئەوەش بەهۆی سزا نوێیەکانی ئەمەریکایە بۆ سەر ئێران، چونکە ئەو ڕێگەپێدانەی بە عێراق دراوە بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێران، هەڵدەوەشێتەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد "ئەو قەیرانە کارەساتبارەی کارەبا کە چاوەڕوان دەکرێت  لە هاویندا ڕوو بدات، ڕەنگە ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەریی لێ بکەوێتەوە، هەر بۆیەش پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بە خێرایی هەنگاو بنێن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕەزامەندی ئەمەریکا لەسەر هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێران وەربگرن. یانیش بە زووترین کات غازێکی جێگرەوەی غازی ئێران بدۆزرێتەوە."

 ڕۆژی سیشەممە، 4ـی شوباتی 2025، کارەبا لە هەرسێ پارێزگای بەسرە، زیقار و میسان پچڕا.

لەو بارەوە وەزارەتی کارەبا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، ڕووداوێکی تەکنیکیی لەناکاو بووەتە هۆی پچڕانی کارەبای گشتی، ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکارەکان دەستنیشان دەکرێن بەمەبەستی چارەکردنیان بە زووترین کات.