وەزارەتی ئەوقاف: دەنگۆی ڕێگریکردن لە چالاکی ئایینی بۆ کەسانی بیانی ڕەت دەکەینەوە

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی
باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاند: دەنگۆی ڕێگریکردن لە چالاکی ئایینی و قورئان خوێندن بۆ کەسانی بیانی، ڕەت دەکەینەوە و کارێکی ئاساییە و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان پێشوازیی لە هەر چالاکییەک دەکەین.

پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی دەنگۆی ڕێگریکردن لە چالاکی ئایینی و قورئان خوێندن بۆ کەسانی بیانی بڵاوکردەوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، چالاکی ئاینی و پێشنوێژی و یان قورئان خوێنی لە لایەن کەسانی بیانی "بە ڕێگە پێدانی" لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەتی ئەوقاف کارێکی ئاساییە، لەم ڕووەوە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان پێشوازیی لە هەر چالاکییەک دەکەین.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، ئاماژەی بەوە دا، ئەوەی کە ڕێگەپێدراو نییە، مەبەست لێی ئەو بەڕێزانە پێشوەختە پێویستە  "مۆڵەت" لە وەزارەت داوا بکەن تاوەکو ڕەزامەندیی وەربگیرێت، هەروەک لە هەموو وڵاتانیش بەم شێوازەیە، ئەمەش پارێزگاریکردنە لە شوێنێکی پیرۆز کە مزگەوتە.