فەرەنسا 6 فڕۆکەی جەنگی میراج 2000 دەداتە ئۆکرانیا

پاریس لەماوەی چەند مانگێکدا، ڕاهێنانی بە دوو فڕۆکەوانی ئۆکرانیا لەسەر فڕۆکەی جەنگی میراج 2000 دا کرد.
پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، سیباستیان لوکۆرنۆ، وەزیری سوپای فەرەنسا ڕایگەیاند: وڵاتەکەی فڕۆکەی جەنگی میراج 5-2000ـی داوەتە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە بەرگریی لە ئاسمانی خۆی بکات بەرامبەر هێرشەکانی ڕووسیا، گوتیشی: ئێستا فەرەنسا لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا هاوکاریی ئۆکرانیا دەکات.
بڕیارە فەرەنسا لە کۆی ئەو 26 فڕۆکەیەی میراج کە هێزە ئاسمانییەکانی هەیەتی، 6 فڕۆکە بە ئۆکرانیا بدات.
لە حوزەیرانی ساڵی 2024، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، پێداگری وڵاتەکەی نیشاندا لە پێدانی فڕۆکەی جۆری میراج بە ئۆکرانیا.
فەرەنسا چەند جارێک دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە، کار دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە لە ڤلادیمێر پوتن بکات لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانی هەماهەنگ دەبێت بۆ پشتیوانی کردنی ئۆکرانیا بۆ ئەوەی بە ئاشتی بگات.
لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ دووەم جار، دەنگۆی کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزی و ململانێکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا هاتووەتە ئاراوە کە لە شوباتی ساڵی 2022ـەوە دەستیان بە جەنگ کردووە لەگەڵ یەکتر.
لە زۆر بۆنەدا، دۆناڵد ترەمپ دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە، ئاشتی بۆ ئۆکرانیا دەگەڕێنێتەوە لەماوەی 24 کاتژمێردا، زۆر بە ڕژدیش داوای کردووە دەستبەجێ ئاگربەست لەنێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕابگەیەندرێت و دەست بە گفتوگۆ بکەن.
فڕۆکەی جەنگی میراج، فڕۆکەیەکی هێرشبەری خێرای سەروو دەنگییە و لەلایەن کۆمپانیای داسۆتی فڕۆکەوانی فەرەنسی دیزاین کراوە، یەکێکە لە بەناوبانگترین فڕۆکە جەنگییەکانی سەدەی بیستەم، بەو پێیەی فڕۆکەکە لە دیارترینیان جەنگەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ڕۆڵی کاریگەری هەبووە، ساڵی 1967 دا پایەی سەرەکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بووە، هەروەها لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو پایەی سەرەکی هێزی ئاسمانی لیبیای پێکدەهێنا، پاشان کەوتە خزمەتی هێزی ئاسمانی میسر و پاکستان.
فڕۆکەی میراج، لە هێزی ئاسمانی شیلی و هیندستانیشدا بەکارهاتووە، فڕۆکەی بەناوبانگی میراج پەرەی پێدراوە و بووەتە یەکەم فڕۆکەی سەروو دەنگی ئەوروپی، کە خێراییەکەی بووەتە 202 ماک و ئاستی بەرزبوونەوەی 83 مەترە لە چرکەیەکدا و بۆ 17 هەزار مەتریش بەرز دەبێتەوە.