توێژینەوەیەک: دەکرێت پیسبوونی هەوا مرۆڤ لە جۆرێکی شێرپەنجە بپارێزێت

دیمەنی پیسبوونی هەوا (تەنها بۆ ڕوونکردنەوە دانراوە)
دیمەنی پیسبوونی هەوا (تەنها بۆ ڕوونکردنەوە دانراوە)

بە گوێرەی توێژینەوەکی نوێ کە لە لایەن ماڵپەری زانستیی "ساينس ئالێرت"ـەوە کراوە، دەکرێت پیسبوونی هەوا مرۆڤ لە تووشبوون بە مەترسیدارترین جۆری شێرپەنجەی پێست 'میلانۆما' بپارێزێت. 

توێژینەوەکە لە ناوچەیەکی ئیتاڵیا کراوە، بەڵام بەراورد بە توێژینەوەکانی دیکەی هاوشێوە، ژمارەی بەشداربووانی زۆر نەبوون. 

ئەنجامەکانی توێژینەوەکە بۆ توێژەران سەرسوڕهێنەر بوون، چونکە دەرکەوتووە، زۆربوونی ژمارەی گەردیلەکان لەنێو هەوادا، بە تایبەت ئەوانەی تیرەکەیان لە نێوان 2.5 بۆ 10 مایکرۆمەترە؛ دەکرێت کاریگەرییان هەبێت لە پاراستنی پێست، لە تووشبوون بە شێرپەنجەی 'میلانۆما'.

هەرچەندە بۆ توێژینەوەران لە ڕووی زانستییەوە ڕووننەبووەتەوە چۆن پیسبوونی هەوا ڕێگریی لە تووشبوونی مرۆڤ بەو جۆرەی شێرپەنجە دەکات، بەڵام باسیان لەوە کردووە، دەکرێت زۆری ژمارەی گەردیلەکان لەنێو هەوادا مرۆڤ لە بەرکەوتن لەگەڵ تیشکی سەرووی بەنەوشەیی بپارێزێت کە هۆیەکی سەرەکیی تووشبوونە بە شێرپەنجەی پێست. 

توێژەران جەختیان لەوە کردووەتەوە، پێویستە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکەیان بکرێت و هاوکات بە شێوەیەکی فراوانتر کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستیی مرۆڤ شی بکرێنەوە. 

تیمی توێژینەوەکە ئاماژەیان بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی دەکرێت پیسبوونی هەوا پێستی مرۆڤ لە تووشبوون بە شێرپەنجە بپارێزێت، بەڵام بەو مانایە نایەت کە هیچ زیانێکی نییە، چونکە هەندێک جۆری گەردیلە بەتایبەت ئەوانەی تیرەکەیان 2.5 مایکرۆمەترە، دەتوانن بچنە نێو سییەکان و دواتر لەگەڵ خوێن تێکەڵ ببن، کە لە ئەنجامدا مرۆڤ تووشی چەندان جۆری نەخۆشیی جیاواز دەکەن. 

ئەوەشیان خستووەتە ڕوو، بەرکەوتنی درێژخایەن بە پیسبوونی هەوا، ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی پێشوەختەی ملیۆنان کەس لە جیهاندا.