سمۆلینگ و سانچێز لەگەڵ یانەکانیان بەردەوام دەبن

یاریزانی کاتین و لەگەڵ یانەکانیان بەردەوام دەبن

کارگێری یانەی مانچێستەر یونایتد ئینگلیزی داهاتووی هەردوو یاریزانی یانەکەی کریس سمۆلینگ و ئالێکسس سانچێز کە بە شێوەی خواستن لە یانەکانی رۆما و ئینتەر میلان یاریی دەکەن یەکلایی کردەوە و هەردوو یاریزانە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکانیان بەردەوام دەبن.

ماڵپەری فەرمی یانەی مانچێستەر یونایتد بڵاویکردەوە کارگێری یانەکەیان بریاریداوە کریس سمۆلینگ بەرگریکاری یانەکەی کە بە شێوەی خواستن یاریی بۆ یانەی رۆما دەکات، تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام بێت، هەروەها ئالێکسس سانچێز هێرشبەری چیلیایی یانەکەشیان بە هەمان شێوە تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە لەگەڵ ئینتەر میلان دەمێنێتەوە.

ئەم دوو یاریزانەی شەیتانە سوورەکان سەرەتای وەرزی ئەمساڵ بە شێوەی خواستن پەیوەندیان بە دوو یانە ئیتاڵیەکەوە کردووە و سەرەتای ئەم مانگە گرێبەستەکەیان کۆتایی هاتووە، بەڵام بە هۆی دواخستنی یارییەکان و هەروەها دواخستنی وادەی گواستنەوەی یاریزانەکان، لەگەڵ یانەکانیان بەردەوام دەبن.