هەرێمی کوردستان و ئیمارات پەرە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن

یاداشتێکی لێکگەیشتن، بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بواری پێشخستن و نوێکردنەوەی حکوومەتداری، لەنێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات ئیمزا کرا.

چوارشەممە 12ـی شوباتی 2025، لە پەرواێزی لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و محەممەد قەرقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات و سەرۆکی لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان، یاداشتێکی لێکگەیشتن لەنێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیمارات لە بواری ئاڵوگۆڕی شارەزایی و نوێکردنەوەی کاروباری حکوومەتداری ئیمزا کرا.

یادداشتەکە نوێکردنەوەی یاداشتێکی پێشترە لەنێوان هەردوولا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە و تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی شارەزایی و زانیاری لە بواری دەوڵەتداری و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتووی ئیمارات لە ڕووی پێشخستنی کاروبارەکانی حکوومەت و پەرەپێدانی توانا مرۆیی و دامودەزگاکانی حکوومەت.

هەروەها لە 29ـی ئازاری 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کاروباری کابینەی ئیمارات، یاداشتێکی لێکگەیشتنیان لەسەر حوکمڕانی و ئاڵوگۆڕی زانیاری ئیمزا کرد.