بزووتنەوەی ئێم23؛ مێژوویەکی خوێناوی و ترسناک

ڕۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی لە ژمارەی ڕۆژی دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بزووتنەوەی ئێم23، بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە:

پاش هەرەسهێنانی دانووستانەکانی ئاشتیی نێوان بزووتنەوەی ئێم23 و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات لە کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، بزووتنەوەی گرووپە یاخییەکانی ئێم23 ی پاڵپشتکراو لە لایەن ڕوواندا، پێشکەوتنی زۆریان لە ڕۆژهەڵاتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات وەدەست هێناوە. کۆتایی مانگی پێشوو، دەستیان بەسەر شاری غۆما، پاتەختی ویلایەتی باکووری کیفۆدا گرت. حەفتەی پێشووش، گرووپەکە ئاگربەستیان هەڵوەشاندەوە و هێرشێکی تازەیان بەرەو شاری بوکافوو، پاتەختی باشووری کیفۆ دەست پێ کرد.

ڕاپۆرتەکان، باسی دڕندایەتیی بزووتنەوەی ئێم23 دەکەن کە  سەدان ئافرەتی زیندانییان لە زیندانی غۆما، ئەتک کرد و پاشان بە زیندووی سووتاندوویانن؛ بێگومان، کاریگەریی ئەم توندوتیژییە نامرۆڤانەیە بە ئاسانی لەبیر ناچێت. بە تایبەت، دەستدرێژیی سێکسی وەک چەکێکی بەربڵاو بەکار دەهێنرێت و منداڵانیش ناچار دەکرێن بەشداریی لە شەڕەکاندا بکەن.

بە درێژای مێژووی شەڕی ئەو ناوچە ستراتیجییەی ئەفەریقا، ملیۆنان کەس ئاوارە بوون و نزیکەی 6 ملیۆن کەسیش کوژراون. بە گوێرەی دوا ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە تازە ترین شەڕدا، 3 هەزار کەس کوژراون، لەوانەشە ژمارەی کوژراوەکان زیاتر بێت. جگە لە ئاوارەبوونی 700 هەزار کەس. ئەمە جگە لەوەی ساڵی ڕابردوو 3 ملیۆن کەس ماڵەکانیان بەجێ هێڵاوە و پەنایان بۆ ناوچەی دیکەی دوورەشەڕ بردووە.

پاشخانی مێژووی ئەم ملاملانێ چەکدارییە چییە؟

ئەم شەپۆلە نوێیەی توندوتیژیی لە کۆنگۆ ئەڵقەیەکە لە کێشەیەکی قووڵ، کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی ساڵی 1994 لە ڕوواندای دراوسێی کۆنگۆدا ڕووی دا و تێیدا نزیکەی 800 هەزار ئەندامی کەمینەی توتسی لە لایەن زۆرینەی هوتووەوە بە دڕندانەترین شێوە کوژران. پاش تەواوبوونی کۆمەڵکوژییەکە، نزیکەی ملیۆنێک لە هوتووەکان لە ترسی تۆڵە لێکردنەوەیان بۆ ڕۆژهەڵاتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات "کە ئەودەم پێی دەگوترا زائیر" هەڵاتن. حکوومەتە نوێیەکەی ڕووانداش کە لە توتسییەکان پێک هاتووە، لەو دەمەوە لە هەوڵی ئەوەدایە دەسەڵلاتی توتسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ بسەپێنێت.

پاش چەند ساڵ لە ئارامییەکی لەق، ساڵی 2021 بزووتنەوەی ئێم23، کە زۆرینەی ئەندامانی توتسییەکانی باکووری کیفۆن، وەک هێزێکی هەرێمیی دەرکەوتن؛ پێش هەڵبژاردنەکانی 2023 لە کۆنگۆ، سەرۆک فیلیکس چێسەکێلی ڕایگەیاند ئەو یاخییانەی ئێم 23 سەرکوت دەکات، بەڵام لەمەدا سەرنەکەوت و بزووتنەوەی ئێم 23، بە پشتیوانیی هێزەکانی ڕوواندا، خاکێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆیان داگیر کرد.

سەرباری ئاڵۆزییە ڕەگەزییە دێرینەکانی نێوان ڕوواندا و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات، هۆیەکی دیکەی ئاڵۆزییەکان دەوڵەمەندیی ئەو ناوچەیەیە بە سەرچاوەی کانزایی گرانبەها وەک ئەڵماس و زێڕ.

گرووپە یاخییەکانی ئێم23 کین؟

بزووتنەوەکە، پێشتر ناوێکی دیاریکراوی نەبوو، ڕۆژی 23ـی ئازاری 2009 ڕێککەوتننامەی ئاشتیی لەگەڵ کۆماری کۆنگۆی دیموکراتدا مۆر کرد، بەڵام دەڵێن کۆنگۆییەکان لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بوونەتەوە. دواتر بزووتنەوە ساڵی 2012 لەگەڵ پاشماوەی گرووپە یاخییە توتسییەکاندا یەکیان گرت و بە یادی 23 ی ئازار، ڕۆژەکەیان کرد بە پاشناوی بزووتنەوەکەیان.

بزووتنەوەی ئێم23 دەڵێت، "ئامانجی ئەوان پاراستنی هاوڕەگەزە توتسییەکانە لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی لە توندوتیژیی ڕەگەزیی بیانپارێزن. هەروا ئەو توتسییانەی ناچار کراون بۆ پاراستنی ژیانیان پەنا ببەنە ڕوواندا و ئۆغەندا، وەک هاونیشتمانیی ڕێزلێگیراو بگەڕێنرێنەوە کۆماری کۆنگۆی دیموکرات." بەڵام حکوومەتی کۆنگۆ دەڵێت ئەمە پلانی ڕوواندایە بۆ داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆ. 

یاخییەکانی بزووتنەوەی ئێم23، جەخت لەوە دەکەنەوە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی لەگەڵ کۆنگۆ دەبێ لێبووردنێکی گشتیی هەموو ئەندامانی بزووتنەوەکە لەخۆ بگرێت و پاشان لەگەڵ سوپای کۆماری کۆنگۆی دیموکراتدا ئامێتە بکرێن.

بابەتی یەکلاکەرەوە ئەوەیە بزووتنەوەی ئێم23، ئێستە تەنیا خۆی بە نوێنەری توتسییەکان نازانێت، بەڵکو خۆیان بە بەشێک لە بزووتنەوەیەکی کۆنگۆیی بەربڵاوتر دەزانن و ڕێکخراوی هاوپەیمانیی ڕووباری کۆنگۆیان پێک هێناوە و خەڵکانی دەرەوەی توتسیش لە بزووتنەوەکەیاندا ناونووس دەکەن.

هەرچەند بزووتنەوەکە هەڕەشەی داگیرکردنی کینشاسا، پاتەختی کۆنگۆ دەکات، بەڵام ئامانجی سەرەکییان دەست بەسەردا گرتنی ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆیە. وا دیارە بزووتنەوەکە و حکوومەتی ڕوواندا نەخشەیەکی دوورمەودایان بۆ سەپاندنی ئەو واقیعە پاش کۆتایی شەڕ و ململانێکان، هەیە. لە ئەگەری دانووستاندیشدا، دەیانەوێت شێوەیەک لە شێوەکانی حوکمی فیدراڵی وە دەست بهێنن، بەڵام لەوە ناچێت حکوومەتی کۆنگۆ ئەوە قبووڵ بکات.

هەر چۆنێک بێت، بزووتنەوەی ئێم23، وەک بزووتنەوەیەکی دڕندە ناسراوە کە لە کوشتن و ئەشکەنجەی بێتاوانان و دەستدرێژیی سیکسی قێزەوەن، تێوەگلاوە. جگە لەوەش، بۆ ترساندنی خەڵک دەیان منداڵی بێتاوانی لە سێدارە داوە. بێگومان ئەو بزووتنەوەیە، بە پاشخانێکی ئاوا تاریکەوە ناکرێت چاوەڕێی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بکات.