عامر جابری: حکوومەتی عێراق لە ڕێگری کردنی دیاردەی بە بیابانبوون کەمتەرخەمە

دەستەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند، بەردەوام ئاماژەی مەترسیدار لە وشکبوونەوەی زەوییەکانی کشتوکاڵی لە پارێزگاکانی باشووری عێراق تۆمار دەکرێت، حکوومەتی عێراقیش کەمتەرخە لە بەدەستهێنانی پشکی ئاو و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە ڕێگریی لە دیاردەی بەبیابانبوون.

شەممە، 15ـی شوباتی 2025، عامر جابری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە دەستەی کەشناسی عێراقی لە بەغدا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕەوشی کەشوهەوا وەک دەزانرێت تاکو ئێستا بە تەواوی بارانێکی باش نەباریوە و ئەمساڵ وەکو ساڵی ڕابردوو نییە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: پرسی بەبیابانبوونی خاک لە پارێزگاکانی باشووری عێراق، پرسێکی مەترسیدارە و ئێمە لە دەستەی کەشناسی بە بەردەوامی مەترسییەکانی تۆمار دەکەین، دۆسیەی سامانی ئاو و بەبیابانبوون یەکێک لە مەترسیدارترین دۆسیە کە لەسەر مێزی حکوومەتەکەی محەممەد شیاع سوودا نییە، سەرەڕای دەرکردنی هەندێک ڕێنمایی، بەڵام ڕێوشوێنەکان زۆر بەهێواشی بەڕێوە دەچن و وەکو پێویست نین، بەتایبەت کارەکانی لیژنەی دانوستان و تەکنیکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە پشکی سامانی ئاوی عێراق.

ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت: هەرچەندە ئێستا لە وەرزی بارانبارینداین، بەڵام دوای ئەوە چی؟ دووبارە ناوچەکان ڕووبەڕووی وشکبوونەوەی خاک دەبنەوە، بە تایبەت لە زۆنگاوەکانی باشوور کە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و ئابووریی خراپتر دروست دەکات.