لە هەولێر پێنج کەس بەتاوانی تەقەکردنی هەڕەمەکی دەستگیر کران

پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی ئاسایش، پێنج تۆمەتباریان دەستگیر کرد، بەتۆمەتی ئەوەی بە هەڕەمەکی لەنێو شاردا تەقەیان کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، دوو ئۆتۆمبێل لە هەولێر بەدوای یەکتر کەوتوون، ئۆتۆمبێلێکیان چەند چەکدارێکی تێدا بووە، ئۆتۆمبێلەکەی دیکە تەنیا کەسێکی لەنێودا بووە، چەکدارەکان دوای ئەو کەسە کەوتوون و تەقەیان لێی کردووە، خۆشبەختانە کەسەکە ڕزگاری بووە، لەبەر ئەوەش دوای کەوتوون، لەبەر ئەوەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا هەبووە، ئەو چەند کەسەی کە پێنج کەس بوون، ئافرەتێکیان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو کەسە تەنیایە بێت و بیباتە دەرەوە، کە بردوویەتییە دەرەوەش، ئەو چەند کەسە گوایە ئافەرەتەکەی لەگەڵ کەسەکە بووە خزمی ئەوان بووە، بۆیە هێرشیان کردووەتە سەری و تەقەیان لێکردووە، چەکی بێ مۆڵەتیشیان پێ بووە.
پێنج کەسەکەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەستگیر کراون، چەکی جۆراوجۆری بێ مۆڵەتیان پێبووە لەگەڵ مۆبایلێک کە وێنە و ڤیدیۆی زۆری لەسەرە، ئەگەر وێنە و ڤیدیۆکان بڵاو بێتەوە، کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.
پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: شەوی ڕابردوو، دوای ئەوەی زانیارییان پێدەگات ڕووداوێکی تەقەکردن بە چەکی جۆری کلاشنکۆف لەلایەن دوو ئۆتۆمبێل کە ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە، لە شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بە هەماهەنگی پێنج کەسەکەیان دەستگیر کرد و دەستییان بەسەر چەکە بێ مۆڵەتەکانیشیاندا گرت.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە تەقەرەکان کە وێنەی خۆی لەگەڵ خوشکەکەی دادەنێت، کەسێک وێنەکەیان دەبات و دواتر هەڕەشە لە خوشکەکەی دەکات، برای کچەکەش دوای ئەوەی پەیوەندیی بە کەسە هەڕەشەکارەکە دەکات و داوای لێدەکات ببینێت لەبەر ئەوەی هەڕەشەی لە خوشکەکەی کردووە، کە وادەیەک لە شوێنێک دادەنێن، لەگەڵ خزمەکانی دەچنە ئەو شوێنەی کە بڕیارە لەوێ یەکتر ببینن، کە لە وادەکە لە یەکتر نزیک دەبنەوە، چەکدارەکان دوای کەسەکە دەکەون و بە هەڕەمەکی تەقەی لێدەکەن چونکە پێیان وایە ئەو کەسە هەڕەشەکەی کردووە، دوای ماوەیەکی کەم لە تەقەکردنە، تەواویان دەستگیر دەکرێن و دەست بەسەر چەکەکانیاندا دەگیرێت کە بێ مۆڵەتن، لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر مۆبایلەکانیان دەگیرێت، لەنێو مۆبایلەکان دەردەکەوێت، ئەو چەکدارانە لە سۆشیال میدیا و تیکتۆک تەنها نمایشی خۆیان کردووە بە چەکەوە.
لە مۆبایلی تەقەکەری سەرەکی ڕووداوەکە هەیە، فایلێک پڕیەتی لە وێنە و ڤیدیۆی ڕووتی کچ و ئافرەتان، هاوکات پڕیەتی لە هەڕەشە و ڤیدیۆی نمایشی چەک و پاڵەوانبازی.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، کارزان ساڵح ڕایگەیاند: هەر کەسێک هەر کێشەیەکی هەیە، پێویستە لەڕێگەی یاسا و دادگاوە چارەی بکات، خۆی هەوڵ نەدات کێشەکان یەکلایی بکاتەوە، چونکە هەر کەسێک ئاژاوە لەنێو هەولێر دروست بکات و تەقە بکات، دەدرێتە یاسا و ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.