دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم تاوتوێی داهاتی شەش مانگی کۆتایی 2024 دەکەن

بڕیارە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم، ڕاپۆرتێک لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەکەن.

یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، پێشوازیی لە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە فەریق سلێمان، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، حەیدەر خالخال و عەلی خزیر، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی حکوەمەتی فیدراڵ کرد.

وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا، کە بڕیارە ڕاپۆرتێک لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە بکەن.

وەزیری دارایی و ئابووری، ئامادەیی وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "دەرگای وەزارەت و دامەزراوەکان بەردەوام کراوەیە بۆ تیمەکان تا بتوانن لە نزیکترین کاتدا ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن."