جۆو ویڵسن: عێراق لەمەودوا ناتوانێت گاز و کارەبا لە ئێران بکڕێت

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەڵێت: چەند هەفتەیەکی دیکە، بڕیاری لێخۆشبوونی عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا و گازی ئێران، لەلایەن ئەمەریکاوە هەڵدەوەشێتەوە.
یەکشەممە 16ـی شوباتی 2025، جۆو ویڵسن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیوویەتی، لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بڕیاری لێخۆشبوونی عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا و گازی ئێران، لەلایەن ئەمەریکاوە هەڵدەوەشێتەوە و، لەمەودوا ئەمەریکا چاوپۆشی لەو کارە ناکات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا، "هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیاری لێخۆشبوونە، بە یەکجاری ڕێگری لە عێراق دەکات کە هاوکاری دارایی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران بکات لە هێرشکردنە سەر هێزەکان و بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا لە عێراق.
Iraq buys gas and electricity from Iran due to a waiver from U.S. sanctions.
— Joe Wilson (@RepJoeWilson) February 16, 2025
The upcoming waiver is ending in just a few weeks.
The waiver must end permanently to prevent Iraq from sending funds to the terrorist regime in Iran which it will use to attack Americans.
ڕۆژی چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ واژۆی یاداشتێکی کرد، بە ئامانجی ئەوەی زۆرترین فشار بخاتە سەر ئێران، لەوانەش گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی ئێران لەمەودوا سیستمی دارایی عێراق بەکار ناهێنێت بۆ خۆدزینەوە یان خۆلادان لە گەمارۆکان.