یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ کاروباری وزە گەیشتە هەولێر

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، بەڕیس ئێکینجی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ کاروباری ووزە گەیشتووەتە هەولێر بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نەوت کۆ ببنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، بەڕیس ئێکینجی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ کاروباری ووزە و ئانل بورا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا و شاندی یاوەرییان، گەیشتنە هەولێری پایتەخت و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو هۆشەنگ ئەحمەد بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری تورکیا لە فەرمانگەکە و ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان پێشوازیان لێکرا.
وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاشکرای کردووە، بڕیارە بەڕیس ئێکینجی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ کاروباری وزە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دیدارو کۆبوونەوە فەرمییەکانیان ئەنجام بدەن.
ئەو سەردانەی ئێکینجی بۆ هەولێر لە کاتێکدایە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا نزیک بووەتەوە، بۆ ڕێکخستنی ڕێکارەکانی هەناردەکردنەوەکەش، تورکیا دەیەوێت هەموو هەماهەنگییەک لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستبکات.
دووشەممە، 17-02-2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەم زووانە شاندێکی وەزارەتی نەوتی بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، سەردانی هەولێر دەکەن.
وەزیری نەوتی عیراق گوتیشی: پێشبینی دەکەین لە ماوەی هەفتەیەکدا، ڕێکارەکانی هەناردەی نەوتی کوردستان تەواو ببن و پرۆسەکە دەست پێ بکاتەوە، ئێستە هیچ کێشەیەک لە بەردەم پرۆسەی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەماوە.