ئیمارات: لە ماوەی 10 مانگدا داهاتی هۆتێلەکان زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بووە

وەزیری ئابووریی ئیمارات ڕایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگی ساڵی ڕابردوودا، داهاتی هۆتێلەکانی وڵاتەکەی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار بووە.

عەبدوڵلا بن توق ئەلمری، وەزیری ئابووریی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجوومەنی گەشتیاریی ئیمارات، ڕایگەیاند "کەرتی گەشتیاری وڵاتەکەی بەردەوامە لە بەرەوپێشچوون، ئاماژەی بەوەش کرد "داهاتی هۆتێلەکانی ئیمارات لە مانگی 1 تاوەکوو مانگی 10 ساڵی 2024، نزیکەی 37.1 ملیار درهەم بووە، کە دەکاتە نزیکەی 10.1 ملیار دۆلار، واتە لەسەدا 4ـی بەراوورد بە ساڵی 2023 زیادی کردووە."

ئەلمری، ڕوونیشی کردەوە، ڕێژەی قۆرغکردنی هۆتێلەکان لە ماوەی ئاماژە پێکراودا، گەیشتووەتە نزیکەی 78%، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023، ڕێژەی گەشەسەندنی 2.7% بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پێوەرانە ڕەنگدانەوەی زیادبوونی گەشەی  گەشتیاریی ئیماراتە، لە کەرتە جیاوازەکاندا، هەروەها پشتگیریی لە گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجییە نیشتمانییەکانی گەشتیاری 2031 دەکەن، کە دەیانەوێت تاوەکوو ساڵی 2031، داهاتی کەرتی گەشتیاری بۆ 450 ملیار درهەم  بەرز بکەنەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیمارات، ئەلمری پێشبینی کردووە کە ئەم کەرتە لە ماوەی ئەمساڵدا شاهیدی گەشەسەندنی زیاتر بێت لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پڕۆژە گەشتیارییە داهێنەرانەی کە وڵاتەکە دەیبینێت و ئەو دەستپێشخەریانەی کە کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات.