هەولێر..ژمارەیەکی زۆر بەرخ بەهۆی نەخۆشییەک مرداربوونەوە

ماوەی چەند ڕۆژێکە نەخۆشی تاعون لەنێو ئاژەڵانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی باشووری عێراق بڵاوبووەتەوە، بەمەش نەخۆشییەکە زیانی زۆری دارایی بە ئاژەڵداران گەیاندووە، ئاژەڵداران دەڵێن: ئەوە نەخۆشی تاعونە و لە باشووری عێراقەوە بۆ ئاژەڵانی هەرێمی کوردستان دێت.

بەقسەی ئاژەڵدارانی هەولێر، بارهەڵگرێکی پڕ لە ئاژەڵی نەخۆش لە باشووری عێراقەوە هاتووەتە کەرکووک، لە کەرکوویشەوە هاتووەتە هەولێر، بەهۆی نەخۆشی ئەو ئاژەڵانەی باشوور، ئاژەڵی هەرێمی کوردستانیش دووچاری نەخۆشی بوونەوە و زۆرینەیان مرداربوونەوە.

ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان24 لەگەڵ یەکێ لە ئاژەڵدارانی هەولێر دواوە کە 40 سەر مەڕی لەکۆی 100 سەر مەڕ بەهۆی نەخۆشیەکەوە لەماوەی 3 ڕۆژدا مرداربوونەتەوە، ئاژەڵدارەکە دەڵێت: هیچ دکتۆرێکی ڤێرتێرنەری و دەرمانێک ناتوانێت کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکات، لەگەڵ ئەوەی چەندین پشکنینمان بۆ ئاژەڵەکان کردووە، هەندێک لە دکتۆرەکانی ڤێرتێرنەری پێمان دەڵێن: شەلکە و دەم کولیە، بەڵام ئەو نەخۆشیەش هەر تاعونە، دەشڵێت: بارێکی ئاژەڵان لە باشووری عێراقەوە هێنراوەتە کەرکووک، لە کەرکوویشەوە هێنراوەتە هەولێر کە هەموو ئاژەڵەکانی نەخۆش بوون، هەر ئەو ئاژەڵە نەخۆشانە بوون کە ماڵی ئێمەیان وێران کرد، دەڵێت: ئەو ئاژەڵانەی باشوور، ئاژەڵەکانی ئێمە دووچاری نەخۆشی کرد، نەوەک کوردستان هەرگیز نەخۆشی بەو شێوەیەی لەنێو ئاژەڵاندا نەبووە.

دەشڵێت: 100 سەر بەرخم هەبوو، 40 یان بەهۆی نەخۆشیەکەوە مردار بوونەوە، ئەوەی دیکەش هەموویان نەخۆشن تەنها سێیان نەبێت کە نەخۆش نین، دەڵێت: هێواش هێواش تەواوی ئاژەڵان نەخۆشیەکە دەیانگرێتەوە و نەخۆشییەکە بڵاوبووەتەوە و کۆنتڕۆڵ ناکرێت.