شێوازی پێدانی پلازما بە تووشبووانی كۆرۆنا دەگۆڕێت

.

K24 - سلێمانی

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەمەودوا شێوازی پێدانی پلازما بە تووشبووانی كۆرۆنا دەگۆڕێت و ئەوەش كاری ئەوان لە چارەسەركردنی نەخۆشەكان ئاسانتر دەكات.

د. ھێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێشتر پلازما لە كەسێكی چاكبوو وەردەگیرا و دەدرا بە یەكێكی دیكە، بەڵام ئێستا شێوازەكە گۆڕاوە، لە یەكێك وەردەگیرین و بۆ چەند نەخۆشێك بەكاری دەھێنین، دەتوانرێت سێ تووشبوو سوود لە پلازمای كەسێكی چاكبووەوە وەربگرن، ئەمەش كاری ئێمەی ئاسانتر كردووە".

جەختیكردەوە: "وەك ئەركێكی مرۆیی پێویستە ھەموو ئەو كەسانەی چاكبوونەتەوە پلازما بەوانەی دیكە ببەخشن كە لە نەخۆشخانەكان لەژێر چاودێری پزیشكیدان، خۆشم یەكێك لە چاكبووەكان لە ھەفتەی داھاتوو پلازما دەبەخشم، ھیوادارم كەس بیر لەوە نەكاتەوە مامەڵە بە پلازماوە بكەن، بەو روحیەتەوە بیبەخشن كە گیانی كەسێك رزگار بكەن".

ئاشكراشی كرد: "ژمارەی ئەو كەسانەی لە كۆرۆنا چاكبوونەتەوە زۆرە، بەڵام بڕیارمانداوە لەمەودوا ھەفتانە ئاماری چاكبووەكان رابگەیەنین، بەشێك لە تووشبووەكانیش كە لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن و چاكدەبنەوە درەنگ ئامارەكانمان پێدەگات".

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا 300 تووشبووی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی ھەن، ژمارەیەكیش لە كەرەنتینن و ھەندێكی دیكەش لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن".

ھ.م