بە گوژمەی 45 ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژەی کارەبا ئەنجامدەدرێن
.
K24 - ھەولێر
ئەندازیار حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ھەولێر رایگەیاندن، ژمارەیەک پڕۆژەی تایبەت بە کەرتی کارەبا بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر کارەبای ھەولێر لە بواری جێبەجێکردندان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێت، ئەم پڕۆژانە تەواو بکرێن 80% کێشەی کارەبای ھەولێر چارەسەر دەبێت.
بە گوژمەی 45 ملیار دینار ژمارەیەک پڕۆژەی کەرتی کارەبا ئەنجامدەدرێت، ھەندێک لەو پرۆژانە بەھۆی قەیرانی دارایی وەستابوون، ئێستا پارەی پێویستیان بۆ تەرخانکراوە و چاوەرێ دەکرێت پێش کۆتایی ساڵ سەرجەم پڕۆژەکان کارەکانیان تەواو بێت، ئەو پڕۆژانە باری سەر وێستەگاکانی کارەبا لە ھەولێر كەمدەکەن.
حەوت ناحیە و 14 گەڕەک لە پارێزگای ھەولێر لەم پڕۆژانەی کارەبا سوودمەند دەبن، بە تەواوبوونیان زۆربەی کێشەكانی کارەبا لەناو ھەولێر چارەسەر دەبێت و دەتواندرێت کاتژمێری زیاتر لە کارەبا بە ھاووڵاتییان بدرێت.
رێکخستنەوه و چاکسازی لە کەرتی کارەبا یەکێک لە بەرنامە سەرەکیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، وێستەگاکانی کارەبا زیاد دەکرێن، ئەو وێستگانەشی لەکار کەوتوون چاکدەکرێنەوە، سەرپێچی سەر کارەباش بنەبڕ دەکرێت.