حكومەتی ھەرێم متمانە لەنێوان بانک و ھاووڵاتییان دروست دەكاتەوە

.

K24 - ھەولێر

حکومەتی ھەرێمی كوردستان پلانی ھەیە، ھەموو فەرمانبەر و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان حیسابی بانکی تایبەت بە خۆیان ھەبێت، حکومەت دەیەوێت متمانە لەنێوان بانک و ھاووڵاتییان دروستبکاتەوە. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، ھەموو ھاووڵاتییەک مافی خۆیەتی حیسابی بانکی ھەبێت، بەڵام یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە متمانە لەنێوان ھاووڵاتییان و بانکەکان نەماوە.

لە لایەکی دیکە وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە مانگی تەمووزەوە ھەموو خەرجییەکانی بەکاربردن دەکاتە دیجیتاڵی، کە بەشێکە لە پڕۆسەی چاکسازی و دەبێتە ھۆی زیادبوونی شەفافییەت و گەندەڵی کەمدەکاتەوە.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەبەستیەتی، بە کردنەوەی حیسابی بانکی بۆ فەرمانبەر و ھاووڵاتییان و بە ئەلیکترۆنیکردنی خەرجی بەکاربردن، متمانە لەنێوان حکومەت و ھاووڵاتییان بنیاتبنێتەوە، بۆ ئەمەش سیستمێکی پێشکەوتووی بانکی دروست دەکرێت و سیستمێکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتووش بۆ خەرجی بەکاربردن داندراوە.