فرسەت سۆفی: بەھۆی تەشەنەكردنی كۆرۆنا دۆخی هەولێر مەترسیدارە
.
K24 - ھەولێر
پارێزگاری ھەولێر، رایدەگەیەنێت دۆخی هەولێر بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسیدارە، ئەگەر هاووڵاتییان پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی نەبن، پێشبینی روودانی کارەسات دەکرێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر گوتی: "ھەولێر بەرەو دۆخێكی نەخوازراو و ناخۆش دەڕوات، لەسەر ئەو بنەما شەش رۆژ قەدەغەی ھاتووچۆی تەواومان راگەیاند و ئەنجامێكی باشی ھەبوو، بەڵام بەداخەوە پابەند نەبوون و تێكەڵبوون و نەبەستنی ماسك جارێكی دیكە ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنای بەرزكردەوە".
پارێزگاری هەولێر گوتیشی: "ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بڕوات ناتوانرێت ھەموو تووشبووان لە نەخۆشخانەكان بخەوێندرێن، ئەوەی لەسەر ئێمە بوو وەك حكومەت كردومانە، ئێستا ئەركی ھاووڵاتییانە خۆیان بپارێزن".
پارێزگاری ھەولێر، جەختیكردەوە: "دۆخی ھەولێر دۆخێكی مەترسیدارە ئەگەر خەڵك خۆی نەپارێزێت، رەنگە بەرەو كارەساتێكی گەورە ھەنگاوبنێین".
ئەم گوتانەی پارێزگاری ھەولێر دوای ئەوەدێت، بەگوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە ماوەی 24 كاتژمێردا 186 كەس لە سنووری ھەولێر تووشی كۆرۆنا بوونە.