سەدان دەروێش بەبێ پشکنین هاتنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

سەدان دەروێش بەناوی بەشداریکردن لە پرسەی شێخ محەمەد کەسنەزانی، لە دەروازەی باشماخەوە هاتنە نێو هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش چواریان کوژران.

لیوا مەریوان شێخ کەمال، بەرپرسی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ بەکوردستان 24ـی راگەیاند "ئەو دەروێشانە ویستوویانە بێنە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو هێزە ئەمنییە ئێرانییەی لەو دیو سنووری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخن رێگریان لێکردوون و  ئەوان هەر پێداگرییان کردووە، سنوورەکە ببەزێنن، بۆیە هێزەکە ناچاربوون تەقەیان بەسەردا بکەن".

بەهۆی گوللـەتەقاندنی هێزە ئێرانییەکان، ئاڵۆزی دروست بووە و بەگوتەی لیوا مەریوان، "بەدەستی هێزە ئێرانییەکان چوار دەروێش کوژراون".

لیوا مەریوان جەختی کردەوە لەوەی "دەروێشەکان هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییە ئێرانییەکان و ئەوانیش هەڵاتوون، بۆیە دەروێشەکان هاتوونەتە دەروازەکە لەدیوی هەرێمی کوردستانەوە و ئێمەش نەمانتوانی رێگری لەو ژمارە زۆرەیان بکەین".

گرتەی ڤیدیۆیی ساتی هاتنی دەروێشەکان لەنێو دەروازەی باشماخەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، کە بە دەم گریانەوە دێنە نێو سنوور و منداڵیشیان لەگەڵدایە.

دەروێشەکان بەگوتەی بەرپرسی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ  "بەڕێکەوتوون بۆ پرسەی شێخ محەمەدی کەسنەزانی و ژمارەیان 2500 کەس دەبێت".

شێخ محەممەدی کەسنەزانی  كەسایەتی  ئایینیی تەریقەتی قادری لە 4-7-2020 لە دوای مانەوەی بۆ ماوەی یەك ساڵ و مانگێك  لە وڵاتی ئەمەریكا، بە نەخۆشی كۆچی دواییكرد .

 سنووربەزاندنی ئەو دەروێشانە لەکاتێکدایە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا قەدەغەی هاتووچۆیە لە سنوورەکە.

 

هـ.ر.