كابینەی نۆیەم لاپەڕەیەكی نوێی لەگەڵ بەغدا كردەوە

حكومەت ھەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا خستووەتەگەڕ

K24 - ھەولێر

ستراتیجیەتی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق  لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەربکات، دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و تەواوی نیازپاکی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان دووپاتکردەوە، گفتوگۆکانی  ھەولێر و بەغدا  ئێستاش بەردەوامن، چونکە حکومەتی ھەرێم دەیەوێت بە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی تەواوی کێشەکان چارەسەر بکرێن.

شەش رۆژ دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان 16ی تەمموزی 2019 بە یاوەری شاندێكی باڵای حکومەتی ھەرێم سەردانی بەغدای كرد، بۆ ئەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ بەغدا بكاتەوە، و دەستوور بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان بێت، ھەر لەو سەردانە سەرۆکی حکومەت تەواوی نیازپاکی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان دووپاتکردەوە.

دوای سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، ئیدی لیژنە تەکنیکیەکان بۆ لێکتێگەیشتنی ھاوبەش و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی گفتوگۆکانیان لە ھەولێر و بەغدا دەستیپێکرد، ئێستاش گفتوگۆکان بەدەوامن.

حكومەتی ھەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت، بەپێی ماددە و بڕگە دەستوورییەکان، کێشەکان چارەسەر بکرێن و ماف و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی پارێزراو بێت، جیا لەوە ئامادەنین سازش لە مافە دەستوورییەکانیان بکەن.