ستایشی رێکارەکانی حکومەت دەکرێت لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا
شارەزایانی تەندروستی: ئەگەر ئەو رێکارانە نەبووان، رووبەڕووی بارودۆخێكی کارەساتبار دەبووینەوە
K24 - هەولێر
رێکارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەشێوەیەک بوون، كه رێكخراوی تەندروستیی جیھانی زياتر له جارێک ستایشی کرد.
ھەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە ئامادەکاری و داڕشتنی پلانی تایبەت کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، نەخۆشخانەی تایبەت و بودجەی پێویستی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرد.
شارەزایانی تەندروستی پێیان وایە ئەگەر پلان و رێکارەکانی حکومەت نەبووان، رووبەڕووی بارودۆخێكی تەندروستیی کارەساتبار دەبووینەوە.
ئەو پزيشك و شارەزایانەی لە سەنتەر و نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا خزمەت دەکەن، پێیان وایە رێکارەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیان راگرت، چونکە رێکارى تەندروستیی تووند لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکان گیرانەبەر و دەستکرا بە کەرەنتینەی ئەو کەسانەی لە دەرەوە دەگەڕانەوە.
فوئاد ئەحمەد، پزيشكە لە خۆشخانەی رزگاریی هەولێر و رۆژانە لەگەڵ تووشبووانی کۆرۆنا مامەڵە دەکات، دەڵێ ئەو رێکارانەی حکومەتی ھەرێم گرتنییەبەر لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپیش نەگیرانەبەر.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە 22-1-2020 دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پلانەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و، لە سەرەتای مانگی شوبات رێکاری تووندی لە فڕۆخانە و خاڵە سنوورییەکان جێبەجێکرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی پێویستی تەرخانکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ئەمە جگە لەوەی بڕیاری کەرەنتینەی ھاووڵاتییانی دەرەوەی هەرێمى كوردستان درا. لەسەر ئەرکی سەرۆکی حوکمەتیش نزیکەی 2500 تاوەکو 3000 ھاووڵاتی و قوتابی کە لە دەرەوە گیریان خواردبوو لەبەر وەستاندنی ھێڵەکانی فڕۆکەوانی، گەڕێنرانەوە ھەرێمی کوردستان، هەروەها چەندین نەخۆشخانە بەشێوەی فریاگوزاری دروستکران بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا.
ئێستا لە ڕێگەی 22 نەخۆشخانەوە چارەسەر بۆ تووشبووانی کۆرۆنا دەکرێـت، ئەمە جگە لە کردنەوەی چەندی شوێنی دیکە بۆ بەرکەوتەکانی تووشبووانی ئەو ڤایرۆسە.
هـ.ر.