لە ساڵێکدا حکومەت بەشێکی زۆری کارنامەکەی جێبەجێکردووە

سەرەڕای ئاستەگەکان بەڵام حکومەت توانیویەتی بەشێکی زۆری کارنامەکەی جێبەجێ بکات

K24 - هەولێر

یەک ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، سەرەڕای ئاستەگەکان بەڵام حکومەت توانیویەتی بەشێکی زۆری کارنامەکەی جێبەجێ بکات.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستبەکاربوونی، هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەکەی راگەیاند و جەختی لەسەر کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، ئەنجامدانی چاکسازی، سەروەری یاسا و نەهێشتنی نادادی کۆمەڵایەتی کردەوە.

لە ئاستی چاکسازیدا

حکومەت چاکسازی لە کەرتی وەزیفەی گشتی، رێکخستنەوەی دەوام و کار لەسەر نەهێشتنی رۆتین دەکات، هەروەها نابێ بەرپرسانی باڵای حکومەت پێگەی کارگێڕی خۆیان بۆ بازرگانی و دەوڵەمەندبوون بەکاربهێنن.

حکومەت رووبەڕووی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی دەبێتەوە و شەفافیەت لە بواری داهاتە نەوتییەکانی هەرێم و داهاتە ناوخۆییەکان، چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆراک دەکرێت.

پێداچوونەوە بە میکانیزمی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ده‌كات، هەروەها سەروەرکردنی یاسا و رێزگرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری.

خزمەتگوزاری

حکومەت کار بۆ باشترکردنی کەرتی تەندروستیی گشتی دەکات و، هەوڵی جێگیرکردنی سیستەمی دڵنیایی تەندروستی بەپێی پێوەری گونجاو بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان دەدات.

هەروەها کار بۆ پێشکەشکردنی رەشنووسی یاسای مافی نەخۆش و رێکخستنەوەی ماف و ئەرکی پزیشکان دەکات.

بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و فێرکردن، لەهەمان کاتدا بە پرۆگرامی پەروەردەیدا دەچێتەوە.

کار بۆ باشترکردنی رێگەوبانی هەرێمی کوردستان و سیستەمی هاتووچۆ و وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکانی وەک پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار دەکات، تاوەکو دەرفەتی کار بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت.

زامنکردن و رێکخستنەوەی سەرجەم مافە یاساییەکانی کارمەند و کرێکارانی کەرتی تایبەت و، دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و گرنگیدانی تایبەت بە کاروباری خاوەن پێداوسیتییە تایبەتییەکان بەشێکە لە بەرنامەی کاری حکومەت.

گرنگی تایبەت بە هاندانی خەڵکی لادێکان بۆ مانەوەیان لە گوند و دێهاتەکانیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری شایستە بۆیان.