د. ئاراس خۆشناو: چاکسازی پێویستیی بە ئیرادەیەکی بەهێزە و ئەوەش لە حکومەت بەدیدەکرێت
"داهاتی حکومەتێکی ئاسایی هەرچەندێک بێت، نابێت رێژەی مووچەی کارمەندەکانی لە 25%ـی هەموو داهاتەکە زیاتر بێت"
K24 - هەولێر
"داهاتی حکومەتێکی ئاسایی هەرچەندێک بێت، نابێت رێژەی مووچەی کارمەندەکانی لە 25%ـی هەموو داهاتەکە زیاتر بێت"، ئەمە گوتەی سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی كوردستانە، کە باس لەوەش دەکات "چاکسازی پێویستیی بە ئیرادەیەکی بەهێزە و ئەو ئیرادەیەش لە حکومەت و سەرۆکی حکومەت بەدیدەکرێت".
د. ئاراس خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی كوردستان و مامۆستای زانكۆ، بوونی چاکسازی بە پرۆسەیەکی گرنگ وەسف دەکات و دەڵێ "دەبێت بە بەردەوامی هەبێت. بەشی یەکەمی چاکسازییەکان کە یاسای ژمارە دووی ساڵی 2020ـە چاکسازییە لە مووچە و دەرماڵە و شایستە داراییەکان... گرنگە باڵانسێک رابگیرێت لەنێوان مووچەخۆران و خەرجییەکانی دیکەی حکومەت، چونکە حکومەت تەنیا مووچە نییە و دەبێت (ئاگاداری) بژێویی ژیانی خەڵکی دیکە، خزمەتگوزارییەکان و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و چەندین کاری دیکە بێت".
حکومەت بڕیاری لەبارەی یاسای چاکسازی داوە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجی كوردستانیش کە میوانی گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو، لەبارەیەوە دەڵێ "زۆر گرنگە یاسای چاکسازی جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوە پێویستیی بە ئیرادەیەکی بەهێزە، ئێمە هەست بەو ئیرادەیە دەکەین لە حکومەت بەگشتی و جەنابی سەرۆکی حکومەتیش. ئەگەر هەرکەسێک لە کوردستان لەگەڵ چاکسازی نەبێ، دەبێت لەمەودوا زۆر راشکاوانە نیشانەیەکی گەورەی پرسیاری لەسەر دابنێین".
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ساڵێکە دەستبەکاربووە و لە دەستبەکاربوونییەوە تاوەکو ئێستا، 33 کۆبوونەوەی کردووە وەک ئەنجوومەنی وەزیران و، زیاتر لە 60 بڕیاری دەرکردووە.
د. ئاراس خۆشناو باس لەوە دەکات "حکومەت لە 15-7-2019ـەوە تاوەکو 25-2-2020 نزیکەی 50 بڕیاری دەرکردووە، بەڵام لەدوای ئەوەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 12 بڕیاری دیکەی دەرکردووە، واتا بارودۆخەکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا پلانەکانی حکومەتی گۆڕی لە پلانی (A)بۆ پلانی (B).. بەگشتیش نەوەک تەنیا هەرێمی کوردستان، بەڵکو بارودۆخی ئابووریی جیهان نائاساییە و کەس نازانێ کۆرۆنا چی لێدێت، لێککەوتەکانی لەڕووی ئابوورییەوە زۆر خراپن".
سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجی كوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەی "بەگشتی داهاتی حکومەتێکی ئاسایی هەرچەندێک بێت، نابێت رێژەی مووچەی کارمەندەکانی لە 25%ـی هەموو داهاتی حکومەت زیاتر بێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان هەرچی داهاتی هەمانە بەشی مووچە ناکات"، کە ئەمە لەڕێگەی چاکسازییەوە پێداچوونەوەی پێدادەکرێت.
هـ.ر.