تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 دەست پێدەكات
.
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ھەرێمی كوردستان دەست پێدەكات.
كاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەست پێدەكات و جیاواز لە ساڵانی رابردوو قوتابیان بە گرتنەبەری رێكار و رێنماییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەچنە ھۆڵەكانی تاقیكردنەوە.
كۆی گشتی ئەو قوتابیانەی ئەمساڵ بەشداری لە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 دەكەن 144 ھەزار و 142 قوتابییە 51 ھەزار و 453 لە ھەولێر و 40 ھەزار و 405 لە سلێمانی و 42 ھەزار و 965 لە دھۆك و دوو ھەزار و 366 قوتابی لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە.
بەشدار عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ھەولێر لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباش بە كوردستان24ی راگەیاند: "قوتابیانی پۆلی 12 بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان لە سنووری ھەولێر بەسەر 111 هۆڵی تاقیکردنەوە دابەشکراون".
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، داواشی لە قوتابیان و مامۆستایانی چاودێر کرد پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئاماژەی بەوەشدا: "بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ئەمساڵ ژمارەی قوتابیان لە ھۆڵەكانی تاقیكردنەوە كەمكراوەتەوە و ژمارەی ھۆڵەكان زیاد كراوە، بۆ ئەوەی نێوان قوتابیان زۆربێت و كەمترین بەریەك كەوتن لەنێوان قوتابیان رووبدات".
بەشدار عەبدولخالق، راشیگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە رێنمایی تایبەتی ھەیە بۆ ئەو قوتابیانەی ئەگەر نیشانەی كۆرۆنایان لێدەركەوێت، دەتوانێت لە خولی دووەم بەشداری تاقیكردنەوەكان بێت".