کولیبالی هەموو یانەیەکی بێ هیوا کرد
دەیەوێت تاوەکو کۆتایی لەگەڵ ناپۆلی بمێنێتەوە
خالیدۆ کولیبالی، بەرگریکاری سەنیگالی یانەی ناپۆلی ئیتاڵیا بە هۆی ئاستە بەرزەکەی لەم ساڵانەی دواییە بووەتە ئامانجی یانە گەورەکانی جیهان، بەڵام ئەو یاریزانە هیواخوازە کە لە یانەکەی بەردەوام بێت.
بەرگریکارەکەی یانەکەی باشووری ئیتاڵیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وەرزشی لاگازێتادلۆسپۆرتی ئیتاڵی گووتی '' ماڵباتەکەم لە شاری ناپۆلی دڵخۆشن و ئەمەش وا دەکات کە بتوانم زیاتر خزمەتی ئەو یانەیە بکەم و حەزیش ناکەم ناوی 100 ملیۆن یۆرۆییم لەسەر دابنێن، حەز دەکەم تاوەکو کۆتایی کاروانی وەرزشیم لەگەڵ یانەکەم بەردەوام بم، بەڵام ناتوانم بەڵێن بە هاندەرانی یانەکەم بدەم، چونکە داهاتووم لە دەست بەرپرسانی یانەیە''.
لەم چەند ساڵەی رابردوو چەندین یانە هەوڵیان بۆ گواستنەوەی خالیدۆ کولیبالی داوە و یەکێک لەوانەش یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزە کە دەگوترێت ئەو یانەیە ئامادەیە 100 ملیۆن بۆ ئەو یاریزانە خەرج بکات.