مێژووی عه‌له‌وییه‌كانی سووریا.. بوون و باوه‌ڕ و پێگه‌ی سیاسی‌یان

ماوه‌ی دوو ڕۆژه ناوچە کەنارییەکانی سووریا له ڕۆژئاوای ئه‌و وڵاته، کە عەلەوییەکان تێیدا نیشتەجێن، ڕووبەڕووی کردەوەی توندوتیژی بوونەته‌وە و به پێی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تا ئێستا 530 كه‌سیان له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانی وڵاته و گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی نوێی دیمه‌شق كوژراوه.
پێنجشه‌ممه، 6ـی ئاداری 2025، شه‌ڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و پاشماوه‌كانی ڕژێمی پێشووی به‌شار ئه‌سه‌د لە پارێزگای لازقیە كه زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی عه‌له‌وین ڕووی دا و دواتر پێكدادانه‌كان جه‌بله و بانیاس و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری ناوچە عەلەوییەکانی گرته‌وه و ژماره‌یه‌كی زۆریان بوونه قوربانی.
ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی دیمه‌شق ڕای ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌و ڕووداوانه له ئه‌نجامی كوشتنی ده‌یان كارمه‌ندی ئه‌منیی هێزه‌كانی حكوومه‌تی نوێ له لایه‌ن پاشماوه‌كانی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ریان هه‌ڵداوه و دواتر "جه‌ماوه‌ر ناڕێكخراو له خه‌ڵكی ئاسایی و چه‌كدار"، هاوكاریی هێزه ئه‌منییه‌كانیان كردووه و ئه‌و "كوشتارگه‌یه‌ی دژ به عه‌له‌وییه‌كان"ـی لێ هاتووه‌ته ئاراوه.
له لای خۆیه‌وه ڕامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕاگەیاندووه: "ئەوەی ڕوودەدات هیچ پەیوەندییەکی بە پشتیوانی و دژایەتیکردنی ڕژێمی پێشووی ئەسەدەوە نییە، به‌ڵكوو کۆمەڵکوژیی تایفییە بە ئامانجی دەرکردنی عەلەوییەکان لە ماڵ و شوێنی خۆیان".
ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی سووریا له دوای 8ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024ـوه كه ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یان گرتووه‌ته ده‌ست، به‌رده‌وام دڵنیاییان داوه‌ته‌وه كه‌مینه و پێكهاته‌كانی سووریا، به‌ڵام عه‌له‌وییه‌كان ترسیان له كاردانه‌وه‌ی توند هه‌بووه به‌هۆی ئه‌و پێوه‌ندییانه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌سه‌د هه‌یانه.

عەلەوییەکانی سووریا لە کوێ دەژین؟
عەلەوییەکان لە ناوچەی کەنار دەریاکاندا له ڕۆژئاوای سووریا به‌تایبه‌تی له لازقیه و ته‌رتووس كۆ بوونەتەوە و زۆربه‌یان له‌وێدا ده‌ژین، به‌ڵام لە ناوچەکانی دیکەشدا به‌تایبه‌تی له حومس و حه‌ما و ڕیفی دیمه‌شقیش هەن. کەنار دەریاكانی سووریا له ڕۆژئاوای ئه‌و وڵاته به قه‌ڵای ئه‌وان داده‌نرێت، به‌و پێیه‌ی ماڵباتی ئه‌سه‌د كه عه‌له‌وین، ماوه‌ی زیاتر له په‌نجا ساڵ بوو ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه بوو.
عەلەوییەکان ژماره‌یان نزیكه‌ی ملیۆنێك و 700 هه‌زار كه‌سه، له كاتێكدا كه‌مینه‌ن و ته‌نیا نزیكه‌ی ڕێژه‌ی 9%ـی دانیشتووانی ئه‌و وڵاته زۆرینه سوننین، پێك ده‌هێنن.
عه‌له‌وییه‌كان له په‌نجا ساڵی ڕابردوو له سەردەمی حافز ئەسەد و به‌شاری كوڕیدا كۆڵه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانیان بوون و به‌سه‌ر زۆربه‌ی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌ستڕۆیشتوو بوون، ته‌نانه‌ت دۆسیه‌ی ئاسایشیان به ده‌سته‌وه بوو و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا بۆ سه‌ركوتكردنی نه‌یاره‌كانیان، پشتیان به میكانیزمه توندوتیژه‌كان ده‌به‌ست.
عەلەوییەکان بە پێوەندی مێژووییان بە شاخەکانی کەنار دەریا و کاریگەرییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان لەو ناوچانە جیا دەکرێنەوە و بە بەشێکی گرنگیی ئەو ستراكچه‌ری هەمەچەشنەیی دادەنرێت کە تایبەتمەندیی سووریایە.
ئه‌وان خاوه‌ن چه‌ندان كه‌سایه‌تی سیاسیین له مێژووی وڵاته‌كه‌یان، بۆ نموونه شێخ ساڵح عەلی کە یەکێک بوو لە سێمبوڵەکانی شۆڕشی سووریا لە دژی داگیرکاریی فەرەنسی له سه‌رده‌می ئینتیداب له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1918 – 1946ـدا. فه‌ره‌نسا له 1920 هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی بۆ عەلەوییەکان دامەزراند.
عه‌له‌وییه‌كان ئه‌و كات به مه‌به‌ستی تێكه‌ڵاوبوونیان به ده‌وڵه‌تی داهاتووی سووریا له دوای كۆتاییهاتنی ئینتیدابی فه‌ره‌نسی، له لایه‌ن حاجی ئه‌مین حوسێنی، موفتی فه‌ڵه‌ستین فه‌توا درا و وه‌كوو موسڵمان ناساندنی و داوای له موسڵمانانی مه‌زهه‌به‌كانی دیكه كرد به چاكه هاوكارییان بكه‌ن.
دواتر ژمارەیەکی زۆر لە عەلەوییەکان لە ماوەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا پێوەندییان بە ئەکادیمیا سەربازییەکانەوە کرد و بیرۆکەکانی عرووبه و سكیۆلاریزمی حزبی بەعسیان په‌سند كرد، به‌ر له‌وه‌ی دوای دوو کودەتای سەربازیی لە سووریا لە ساڵانی 1963 و 1966 ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرن.
مێژووی عەلەوییەکان
مه‌زهه‌بی عەلەویی لە سەدەی نۆی زایینی لە لایەن محه‌ممه‌د بن نوسەیرەوە دامەزرا، کە عەلەوییەکان دەڵێن، قوتابی حەسەن عەسکەری بووە کە ئیمامی یازدەیەمی شیعەی دوازده‌ئیمامییه، هەر بۆیەش هەندێک به نوسەیری ناویان ده‌به‌ن.
عەلەوییەکان باوەڕیان بە دۆنایدۆن (تناسخ)ـی ڕووحەکان هەیە و بیرۆکەی پێكهاته‌ی سێ یەکە یان سێكوچكه‌ی "پێغەمبەر (د.خ) و ئیمام عەلی و سەلمانی فارسی"، بە یەکێک لە پرەنسیپە گرنگەکانی ئەو مه‌زهه‌به دادەنرێت. سوننه و شیعه‌كان زۆربه‌یان عه‌له‌وییه‌كان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه ئیمامی عه‌لی كوڕی ئه‌بو تاڵیب به خوا ده‌زانن، به‌ڵام خۆیان ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه و پێیان وایه "خوا ده‌ستی خوایه‌تی به عه‌لیدا هێناوه"، و دوایین دره‌وشانه‌وه و ده‌ركه‌وتنی خوایه له‌سه‌ر زه‌وی.
عه‌له‌وییه‌كان به درێژایی مێژوو و ته‌مه‌نی مه‌زهه‌به‌كه‌یان به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی كوشتن و چه‌وسانه‌وه بوونه‌ته‌وه و جگه له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی حه‌مدانی له ماوه‌ی نێوان ساڵانی 903 تاوه‌كوو 1003، هیچ كات ئارامییان به خۆوه نه‌بینیوه.
ئایدیای عەلەوییەکانی سووریا جیاوازن لە ئایدیای عه‌له‌وییه‌كانی تورکیا، چونکە ئه‌وانه‌ی سووریا خۆیان بە بەشێک لە شیعەی دوازدەئیمامی دەزانن، به‌ڵام عه‌له‌وییه‌كانی توركیا خۆیان لە سۆفیگەریی نزیکتر دەبینن.
یەکتاپەرستی، دادپەروەری، پێغەمبەرایەتی، ئیمامه‌ت و قیامەت پێنج بنەمای سه‌ره‌كیی ئایینین له لای عەلەوییەکان، هەروەها پێغه‌مبه‌ر (د.خ)، عه‌لی كوڕی ئه‌بو تاڵیب و سه‌لمانی فارسی، سێ دیارترین كه‌س و كه‌سایه‌تیی باڵان له لایه‌ن په‌یڕه‌وانی ئه‌و مه‌زهه‌به‌وه.
عه‌له‌وییه‌كان ڕوونكردنه‌وه له‌باره‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی مه‌زهه‌به‌كه‌یانی له‌سه‌ر بونیات نراوه، ناده‌ن و هه‌ر كه‌س ئاشكرایان بكات و ڕوونكردنه‌وه بدات، له سێداره‌ی ده‌ده‌ن. ئەو عەلەوییانەی باوەڕیان بە جەستەبوون (تقمص)ـەوە هەیە، مزگەوتیان نییە و به‌ڕۆژوو نابن و حه‌جی ماڵی خوا ناكه‌ن و مه‌ی خواردنه‌وه له لایان ئاساییه‌وه و پابه‌ندی باڵاپۆشیی ئیسلامی نابن و له یه‌ك كاتیش‌دا له بۆنه و جه‌ژنه‌كانی موسڵمانان و مه‌سیحییه‌كاندا به‌شدار ده‌بن و ئاهه‌نگ و خۆشیی ده‌گێڕن.