هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە
یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی وزەی ئەمەریکا بڵاوی کردەوە، لە هەفتەی ڕابردوودا هەناردەی نەوتی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە "تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە 8 وڵاتەوە گەیشتووەتە 5 ملیۆن و 577 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر 42 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادی کردووە، کە 5 ملیۆن و 535 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا."
بەڕێوەبەرایەتیی وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد "هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، بە تێکڕا گەیشتووەتە 46 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بە بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو 182 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمی کردووە، کە بە تێکڕا گەیشتبووە 228 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا."
باسی لەوەش کردووە "زۆرترین هاوردەکردنی نەوت بۆ ئەمەریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە کەنەدا بووە بە ڕێژەی 4.091 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە دوای ئەویش بەڕازیل بە ڕێژەی 418 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، پاشان مەکسیک دێت بە تێکڕای 308 هەزار بەرمیل و کۆڵۆمبیا بە تێکڕای 227 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دێت.
بەگوێرەی خشتەکە "بڕی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمەریکا لە سعوودیەوە بە تێکڕا 203 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، لە ڤەنزوێلا بە تێکڕای 189 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە ئیکوادۆریشەوە بە تێکڕا 95 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا."
