گریزمان تووشی پێکان بوو

بارسێلۆنا لە یاریی گەڕی 36ی لالیگا بووە میوانی ریال ڤایادۆلید و یارییەکەیان بە گۆڵێکی بێ وەڵام بردەوە، سەرەرای بەدەست هێنانی سێ خاڵی گرنگی یارییەکە، بەڵام قوربانیەکیان لێکەوتەوە ئەویش پێکانی ئانتوان گریزمان هێرشبەریان بوو.

کیکێ سێتیێن راهێنەری بلاوگرانا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یاریی یانەکەی بەرامبەر ڤایادۆلید پێکانی گۆڵکاری فەڕەنسی یانەکەی پشت راستکردەوە و رایگەیاند ئەو یاریزانە دوای کۆتایی هاتنی تایمی یەکەمی یارییەکە هەستی بە ئازار کرد لە رانیدا و بەم هۆیەوە داوای کرد کە یاریی پێ نەکرێتەوە و نەیتوانی بەشداری تایمی دووەمی یارییەکە بکات.

راهێنەرەکەی بارسا گووتیشی بریارە ئەمڕۆ گریزمان پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت و دواتر تیمی پزیشکی جۆری پێکانەکەی و وادەی دوورکەوتنەوەی دیاریی دەکەن.