سبەینێ مووچە دابەش دەکرێت

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی شوباتی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت.

چوارشەممە، 12ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا، لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی بڵاو کردەوە.

وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە دا، سبەینێ پێنجشەممە 13ـی ئادار، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت، سەرەتا خانەنشینانی شارستانی، خاوەن پێداویستی تایبەت، زیندانە سیاسییەکان و بەرکەوتووانی کیمیایی مووچەکانیان وەردەگرن.

وەزارەتەکە دەڵێت: دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات، تا ڕۆژی سێشەممە 18ـی ئادار بەردەوام دەبێت.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕی 957 ملیار و 925 ملیۆن و 880 هەزار و 78 دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوبات، فەرمانبەر و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

وەزارەتەکە گوتیشی: هەموو هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتییەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو، لیستی مووچەی مانگی ئادار ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بکرێت.

 

 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment