ڕۆژنامەنووسێک لە بەغدا کوژرا

ڕۆژنامەنووس لەیس محەممەد
ڕۆژنامەنووس لەیس محەممەد

بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕۆژنامەنووسێک لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا لەلایەن ڕاوێژکارێکی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، بە گولـلە کوژرا.

چوارشەمەم 12ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی عێراقی، بەهۆی کوژرانی یەکێک لە کارمەندەکانی، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، "دڵگرانین بە کوژرانی ڕۆژنامەنووس لەیس محەممەد، کە لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا بە گولـلە کوژرا."

ئاژانسەکە، سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسەکە دەکات و لە خودای گەورە دەپاڕێتەوە جێگەی بەهەشت بێت. هاوکات دەڵێت: "شەهید لەیس، کارمەندێکی دڵسۆز لێهاتوو و خاوەنی ئەخلاقێکی بەرز بوو، لای هەمووان خۆشەویست بوو".

ئاژانسی هەواڵی عێراقی، بە توندی سەرکۆنەی ئەو تاوانی کوشتنە دەکات و داوا لە دەزگا ئەمنییەکانیش دەکات، دەستبەجێ بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە بکەن و تاوانباران بدرێنە دادگا بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن.

بە پێی زانیاریە سەرەتاییەکان، ڕۆژنامەنووسەکە لەگەڵ یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم بووەتە دەمەقاڵییان، لە ئەنجامدا ڕاوێژکارەکە بە دەمانچەکەی تەقە لە ڕۆژنامەنووسەکە دەکات و دەیکوژێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment