ئیندۆنیزیا.. تیمساحێک ئافرەتێک دەخوات
کاتێک تارتی کۆلینگسوسوی، تەمەن 43 ساڵ، لە کەنار ڕووباری ئیر بیاک، لەگەڵ دەستەخوشکەکانیدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی سپیناغی ئاوی بوو، تیمساحێکی زەبەللاح گازی لە لاقی گرت و بۆ بن ئاوەکەی ڕاکێشا.
ئافرەتە تۆقاوەکە بەدەم هاوار و پەلەقاژەوە، هەوڵی دەدا خۆی لەو دڕندەیە ڕزگار بکات.
هەرچەند دەستەخوشکەکانی هەوڵیان دا ڕایبکێشن، بەڵام دەروەستی هێزی تیمساحەکە نەهاتن و ئافرەتەکەی لەگەڵ خۆیدا بردە بن ئاو.
ئافرەتەکان بە ترسەوە بەرەو گوندەکەیان ڕایان کرد و هەواڵەکەیان گەیاندە خەڵکی گوندەکە. بەڵام کاتێک پیاوانی گوند گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، کار لە کار ترازابوو و ئافرەتەکە مردبوو.
تیمساحەکە، لاشەی کۆلینگسوسوی لەگەڵ خۆیدا ڕادەکێشا و بە شیوەیەکی ترسناک بەناو ڕووبارەکەدا دەخولایەوە و خەڵکەکەش هاواریان دەکرد و دەیانقیژاند.
دوو سەعات دواتر، گوندنشینەکان لاشەی لەتوپەتکراوی ئافرەتەکەیان لە ڕووبارەکەدا دۆزییەوە.