لە چین گۆڕی "شازادەی سوور" دۆزرایەوە

شوێنەوارناسانی چین گۆڕیکی دەگمەنی ئافرەتێکیان دۆزیوەتەوە کە پێش 2200 ساڵ ژیاوە. ددانەکانی ئافرەتەکە بە ماددەی (زەیرنج)، کە ماددەیەکی ژەهراوییە و جاران بۆ ڕەنگ بە کار دەهێنرا، ڕووپۆش کرابوو.
شوێنەوارناسان دەڵێن: ئەوە یەکەم جارە ماددەی زەیرنج، کە پێکهاتیەکی کیمیایی جیوە و گۆگردە لەسەر ددانی مردوویەک دەدۆزنەوە. ئەو ماددەیە لە نۆ هەزار ساڵ پێش زایینەوە لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکاندا بۆ نیگاری سەر لەش بەکار هێنراوە.
زانایانی شوێنەوارناس، ئەم گۆڕە دەگمەن و سەیرەیان لە کاتی کنەکردن لە گۆڕستانی شاری توربان، لە ناوچەی شینجیانگ دۆزییەوە. ئەو شارە، دەکەوێتە سەر ڕێگەی ئاوریشم کە ڕێگەیەکی گرنگی بازرگانیی نێوان ئەورووپا و ئاسیا بووە.
لەو گۆڕستانەدا، ئێسکەپەیکەری چوار کەس دۆزراونەتەوە کە یەکێکیان مێردمنداڵ بووە. بەڵام یەکێک لە ئێسکەپەیکەرەکان لەوانی دیکە جیاواز بوو بەوەی پاشماوەی ڕەنگێکی سوور بەسەر ددانەکانییەوە دەرکەوتوون. پاش ئەوەی لە تاقیگە پشکنینی بۆ کراوە، دەرکەوتووە ئێسکەپەیکەرەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئافرەتێکی تەمەن نێوان 20 تا 25 ساڵ، زانایان ڕەنگە سوورەکەی سەر ددانی ئافرەتەکەشیان لە تاقیگە شی کردەوە و دەرکەوت کە ماددەی زەیرنجی تێکەڵ بە زەردێنەی هێلکە کراوە.
شوێنەوارناسان نازناوی "شازادەی سووری ڕێگەی ئاوریشم"یان بەو ئێسکەپەیکەرە دا، وەک ئاماژەیەک بە (شاژنی سوور)ی شارستانییەتی مایا لە مەکیسک، کە ئەویش سەرتاپای لەشی بە زەیرنج داپۆشرابوو.
نازانرێ بۆچی ئەو ئافرەتە ددانەکانی بەو ماددە ژەهراوییە ڕەنگ کراوە، ئایا بەمەبەستیی بەشداریی لە ڕێوڕەسمێکی ئاینی یان تەنیا بۆ خۆڕازاندنەوە بووە.