تیمی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 3 لەگەڵ خۆیان دەبەنە بەغدا

بە گوێرەی زانیارییەکانی هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، دوای بانگی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، تیمی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی ئادار، لەگەڵ خۆیاندا دەبەنە بەغدا.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، دوای بانگی ئێوارە، تیمی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئادار، لەگەڵ خۆیاندا ببەنە بەغدا و سبەینێ چوارشەممە، لیستەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکەن.
تیمەکەی هەرێمی کوردستان پێک هاتوون لە 'بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری، تیمی تەکنیکی، تیمی سیستەمی پەیرۆڵی مووچە و ڕاوێژکاری وەزیری دارایی و تیمی بەرێوەبەرایەتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.'
دوێنێ دووشەممە 17ـی ئاداری 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لیستی مووچەی مانگی 3 ئامادە کراوە و ڕۆژی سێشەممە بۆ بەغدا دەنێردرێت.
گوتیشی: سەرۆکوەزیران باوەڕی وایە پێویستە سەرجەم کێشەکان لە ڕیشەوە چارەسەر بکرێن، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەو دیدگایە کار دەکات.
پێشەوا هەورامی ئاماژەی بەوەش دا ، ئەگەر بەغدا بیانوشمان پێ بگرێت، شەش بۆ حەوت ڕۆژێکمان لەبەردەست دەبێت بۆ چارەسەرکردن، بۆیە هیچ هۆکارێک نابێت بۆ نەناردنی مووچە.